کوردستان

11:49 - 26/12/2018

كۆمەڵی ئیسلامی لەبەشداریكردن لەحكومەت پاشگەزدەبێتەوە‌

پەیسەر

كۆمەڵی ئیسلامی لە بەشداریكردن لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم پاشگەزدەبێتەوە و بەپێی زانیاریەكانیش پەیوەندی بەكێشە ناوخۆیەكانی ئەو حزبەوە هەیە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی کەوتووە، كۆمەڵی ئیسلامی وەك پێشوو خواستی بەشداریكردنی لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم نیە و بۆ ئەو مەبەستەش بزوتنەوەی گۆران سەرپشك كردووە لەوەی بەبێ ئەوانیش ئازادن بەشداری حكومەت بكەن.

سەبارەت بەهۆكاری ئەو بریارە سەرچاوەكە دەڵێت: زۆرینەی كادیرەكانی ئاستی ناوەڕاست و خوارووی كۆمەڵی ئیسلامی، دژی بەشداریكردنن لەحكومەت ئەمەش وایكردووە سەركردایەتی حزب لە هەڵوێست وەرگرتنی كادیرەكانیان سڵ بكەنەوە.

پێشتر پارتی ڤیتۆی لەسەر بەشداری كردنی كۆمەڵی ئیسلامی هەبوو، بەبیانوی ئەوەی كۆمەڵ بەبێ هۆكارێكی رازیكەر لەكابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێم كشاوەتەوە، بەڵام لەسەرداوای بزوتنەوەی گۆران پارتی رازی بوو كۆمەڵی ئیسلامی بەشداری كابینەی نوێی حكومەت بكات.

لەچەند رۆژی رابردووشدا هەریەك لە ئیسماعیل رەسوڵ و سەعد هەركی ئەندامانی سەركردایەتی كۆمەڵ دەستلەكاركێشانەوەیان لەوحزبە راگەیاند، بەڵام تا ئێستا دیارنیە ئەو هەنگاوە پەیوەندی بەبەشداریكردن یان نەكردن لەحكومەتەوە هەیە یان نا.