کوردستان

02:13 - 10/03/2020

كورد و مالكی له‌یه‌كتر نزیك ده‌بنه‌وه‌‌

پەیسەر

كورد راسپاردنى نورى مالیكى بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراق ره‌تناكاته‌وه‌، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌سه‌رى رێكبكه‌ون، مالیكى ئێستا یه‌كێكه‌ له‌و كاندیدانه‌ى باس ده‌كرێن بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و ده‌یه‌وێت كۆده‌نگى لایه‌نه‌ شیعییه‌كان به‌ ده‌ستبهێنن. 

نه‌هرۆ ره‌واندزی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، "ته‌كلیف له‌ نوری مالیكی كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران، چونكه‌ لایه‌نه‌كان پێیان وایه‌ ده‌بێت كه‌سایه‌تیه‌كی به‌هێز سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م قۆناغه‌ی حكومه‌تی عێراق بكات، مالیكیش ئه‌و به‌هێزیه‌ی تێدایه‌".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى كورد بۆ كاندیدكردنه‌وه‌ى نورى مالیكى ره‌واندزى گوتى:"پێم وایه‌ وانه‌یه‌كی ئه‌وتۆی له‌و رووداوانه‌ وه‌رگرتووه‌، كه‌ باوه‌ڕناكه‌م دووباره‌ی بكاته‌وه‌، كورد ڤیتۆی له‌سه‌ری نیه‌". جه‌ختیكرده‌وه‌:"به‌دڵنیاییه‌وه‌ تا رۆژی دووشه‌ممه‌ كه‌ واده‌ی ده‌ستورییه‌، شیعه‌كان له‌سه‌ر كاندیدێك رێكده‌كه‌ون، ئه‌گه‌رچی ناكۆكی گه‌وره‌ له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌".

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر پرێس، ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ی شیعه‌كان له‌سه‌ر كاندیدكردنی نوری مالیكی بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رێكبكه‌ون، كورد دژایه‌تی ناكات، به‌و مه‌رجه‌ی رێككه‌وتنی نوسراو له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان بكات.

ئه‌گه‌رچى نورى مالیكى سه‌رۆكى ده‌وڵه‌تى یاسا له‌نێو ركابه‌رى به‌ ده‌ستهێنانى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌، به‌ڵام سه‌عد مەتڵه‌بی سه‌ركرده‌ له‌ ده‌وڵه‌تی یاسا بۆ په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت،"ده‌وڵه‌تی یاسا كاندیدی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران نابێت، به‌ڵكو یارمه‌تیده‌ری خێر ده‌بێت، بۆ كوتله‌كانی تر بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، باسی نوری مالیكی ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه‌، ئه‌و له‌لایه‌ن كوتله‌كانی تره‌وه‌ كاندید كراوه‌، نه‌ك ده‌وڵه‌تی یاسا و بڕیاری ده‌وڵه‌تی یاسا ئه‌وه‌یه‌ له‌م قۆناغه‌دا پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌رنه‌گرێته‌وه‌".

پێده‌چێت مالیكى بیه‌وێت كاندیدى هاوبه‌شى لایه‌نه‌ شیعه‌كان بێت، به‌ ته‌نها وه‌ك كاندیدى ده‌وڵه‌تى یاسا ئاماده‌ نه‌بێت له‌ ركابه‌رى به‌رده‌وام بێت.