12:22 - 25/12/2018
مەكتەبی سیاسی پارتی كۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر سێ تەوەردەكات
مەكتەبی سیاسی پارتی كۆدەبێتەوە و تاوتوێكردنی دۆخی رۆژئاوای كوردستان و بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا تەوەری سەرەكی كۆبونەوەكە دەبێت.
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لە مەكتەبی سیاسی پارتیەوە دەستی كەوتووە، بڕیارە ئەمرۆ مەكتەبی سیاسی پارتی بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی و دوورلەچاوی میدیاكان كۆبێتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر سێ تەوەر كە ئەوانیش: بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ بەكشانەوەی سوپای ئەمریكا لەرۆژئاوای كوردستان.
بەپێی زانیاریەكان، مەكتەبی سیاسی پارتی لەكۆبونەوەی ئەمرۆدا پرۆژەیەك بۆ گفتوگۆكردنی لایەنەكانی ناو تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكراتی ( تەڤدەم) كە لە پەكەكەوە نزیكە هەروەها ئەنجومەنی نیشتمانی كورد لەسوریا (ئەنەكەسە) كە لەپارتیەوە نزیكە ئامادەدەكات و لەلایەن بارزانیەوە وەك دەستپێشخەری نوێ بۆ قۆناغەكە دەخرێتە ڕوو، بەڵام ناوەرۆكی پرۆژەكەدیارنیە.
تەوەری دووەمی گفتوگۆكانی مەكتەبی سیاسی پارتی تایبەت دەبن بە گفتوگۆكردن لەسەر دوا پەرەسەندنەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و گوێگرتن لە شاندنی دانوستانكاری پارتی سەبارەت بەكۆبونەوەیان لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان، هەروەها بڕیار لەسەر قۆناغی داهاتووی گفتوگۆكان دەدرێت.
تەوەری سێیەمی كۆبونەوەكە تایبەت دەبێت بە دۆخی عێراق لەوانەش پرسی وەزیری دادی حكومەتی عێراق كە تائێستا بەهۆی ململانێی یەكێتی و پارتیەوە یەكلایی نەبۆتەوە.
هەروەها لەچوارچێوەی ئەو تەوەرەدا باسی بودجەی ساڵی داهاتووی عێراق و پشكی هەرێمی كوردستان و پابەندبوون یان نەبوونی حكومەتی هەرێم بە یاساكەوە دەكرێت.