کوردستان

10:44 - 25/12/2018

دوایین زانیاری له‌سه‌ر كێشه‌ناوخۆییه‌كانی یه‌كێتی‌

پەیسەر

دوای ئەوەی كۆبوونەوەی دوێنێی ( دوشەممە) مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان،بەهۆی ململانێی باڵەكانەوە ئەنجام نەدرا، تائێستا كێشەكان بەچارەسەرنەكراوی ماوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیسەرپرێس كەوتووە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەوڵی ئەوە دەدرێت كە كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە رۆژی چوارشەممە ئەنجامبدرێت

پێشتر پەیسەرپرێس بڵاویكردەوە، ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكەی رۆژی دووشەممەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ململانێی ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بووە. كە بەجۆرێك ماڵی تاڵەبانی پشتیوانی نزیك بوونەوە لەگۆڕان دەكات لەبەرامبەردا كۆسرەت رەسوڵ پێی باشە لەگەڵ پارتی رێكبكەون، هەروەها ماڵی تاڵەبانی پێیان وایە نابێت یەكێتی دەستبەرداری پۆستی وەزیری دادبێت، چونكە ئەوە هەژمونی پارتی لەعێراق بەهێز دەكات لەبەرامبەردا كۆسرەت رەسوڵ عەلی پێی وایە پێداگری یەكێتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد زیان بەپێگەی یەكێتی لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم دەگەیەنێت.

لەوبارەوە قادرحەمەجان عەزیز ئەندامی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی، بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: هەركاتێك بڕیاری كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی درا رایدەگەیەنن و تا ئێستا هیچ بڕیارێك لەبارەی كۆبوونەوەكەوە نەدراوە.

لای خۆیەوە جەعفەرشێخ مستەفا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بەپەیسەرپرێسی راگەیاند: ئاگادارنەكراوە كە رۆژی چوارشەممە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی بێت.