05:16 - 03/03/2020
مستەفا سەید قادر: پێویسته هەموو لایەک بەرپرسیارێتی دۆخەکە هەڵبگرێت
مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ نەسروڵا رەشنوودی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان رایگه‌یاندووه، بۆ پاراستنى ئاسایشى ناوچه‌كه ئێستا له هه‌ركات زیاتر پێویسته یه‌كڕیزى بپارێزین و پشتگیرییکردنی هەموو لایەک لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری دۆخە سیاسییەکە بەرز دەنرخێنن.
ئه‌مڕۆ له سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان مستەفا سەید قادر، پێشوازی لە نەسروڵا رەشنوودی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان کرد.
راگه‌یه‌ندراوێكى نوسینگه‌ى جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌و دیداره ده‌ڵێت، رەشنوودی باسى له پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان كردووه،"کە مێژوویەک لە فەرهەنگ و کەلتوور و پەیوەندی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هەردوولا بەیەکەوە گرێ دەدات". كونسوڵى ئێران خوازیارى زیاتر گه‌شه‌كردنى په‌یوه‌ندى وڵاته‌كه‌ى و هه‌رێمى كوردستان بووه.
مستەفا سەید قادر جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم، جەختی لەسەر پەیوەندیی مێژوویی هەرێمى كوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران کردووه‌ته‌وه، لەسەر هەردوو ئاستی حکومەت و خەڵک، سوپاسی ئێرانی کردووه بۆ هەموو ئەو پشتگیرییەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە چەندین قۆناغ و وێستگەی سیاسیی‌دا، بۆ هەرێم و خەڵکی کوردستانیان کردووە.
جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم هه‌روه‌ها جەختی لەسەر پێکەوە کارکردنی هەموو لایەک کردووەتەوە، بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە، دووپاتیکردووه‌ته‌وه،" لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستیمان بەوەیە یەکریزی بپارێزین و هەموو لایەک بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە دۆخە سیاسییەکە هەڵبگرێت، هەر بۆیە پشتگیرییکردنی هەموو لایەک لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیری دۆخە سیاسییەکە بەرز دەنرخێنین، بێگومان ئەمەش لە بەرژه‌وەندی هەموو لایەکە".