04:34 - 29/02/2020
په‌رله‌مان ده‌ست بۆ فایلى دزینی نه‌وت ده‌بات
بڕیاره په‌رله‌مانى كوردستان، سبه‌ینێ ده‌ست بۆ فایلى تاڵانى و به قاچاغبردنى نه‌وت به‌رێت، پێشنیازى یاساى به‌رەنگاربوونه‌وه‌ى به قاچاغبردنى نه‌وت و لێده‌رهێندراوه‌كانى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى بۆ ده‌كرێت و كۆده‌نگى له‌سه‌ره بۆ ئه‌وه‌ى له دانیشتنى دواتر په‌سه‌ند بكرێت. به‌پێى ئه‌م پرۆژه سزاى ئه‌نجامده‌رانى ئه‌و تاوانه زیاد ده‌كرێت و رێوشوێنه سزاییه‌كانیش به‌رامبه‌ریان توند ده‌كرێت، پێ بژاردنیش بۆ چوار هێنده زیاد ده‌كرێت.
په‌رله‌مانتاران یاساكه‌یان پێ باشه و كۆده‌نگییه‌كى له‌سه‌رە تا زوو تێپه‌ڕێت، پرۆژه‌كه ١٠ مادده‌یه و حه‌وت مادده‌یان ورده‌كارى یاسایى و حوكمه‌كانى تێدایه، په‌رله‌مانتاران ده‌ڵێن، هیوایان هه‌یه له رێگه‌ى ئه‌و یاسایه‌وه رێگه له دزینى نه‌وتى هه‌رێم بگرن.
تانكه‌ر گۆڕین و مۆڵه‌ت
به‌پێى پرۆژه‌كه هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له تانكى سووته‌مه‌نى و هۆكاره‌كانى گواستنه‌وه، كه ببێته هۆى زیادكردنى تواناى هه‌ڵگرتن قه‌ده‌غه‌یه، هاوكات جموجوڵى هه‌ر تانکه‌رێك په‌یوه‌ست كراوه به مۆڵه‌تى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كانه‌وه، ته‌نها رێگه ده‌درێت به‌و تانكه‌رانه‌ى كه مۆڵه‌تى فه‌رمى وه‌زاره‌تیان پێیه.
تۆمه‌تبار كه‌فاله‌ت نایگرێته‌وه
به‌پێى مادده‌ى سێى پرۆژه‌كه ئه‌و كه‌سانه‌ى به تۆمه‌تى به قاچاغبردنى نه‌وت و لێده‌رهێندراوه‌كانى ده‌برێنه دادگا، به كه‌فاله‌ت ئازاد ناكرێن، تا یه‌كلابوونه‌وه‌ى دۆسیه‌كانیان، وه دادگا پابه‌ند كراوه به شێوه‌ى خێرا ئه‌و داوایانه ببینێت.
سزاكان
پرۆژه‌كه سزاى به‌ندكردن كه له ساڵێك كه‌متر نه‌بێت، وه زیندانیكردن كه له سێ ساڵ كه‌متر نییه، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی دیاریكردووه كه لە تاوانى قاچاغى نه‌وته‌وه تێوه ده‌گلێن، جگه له‌وه‌ش به پێ بژاردن به بڕى چوار هێنده‌ى بڕى مادده به قاچاغ براوه‌كه سزا ده‌درێت، بێ جیاوازى ئه‌وه‌ى تۆمه‌تبار هاوبه‌شى تاوانه‌كه بێت یاخود بكه‌رى تاوانه‌كه. له كاتى قه‌یران و بارى نا ئاسایی‌دا سزاى هه‌ره توند بۆ تاوانه‌كه داده‌نرێت.
ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى تانكه‌ره‌كان
پرۆژه‌كه لایه‌نى په‌یوه‌ندیدارى پابه‌ند كردووه، كه ده‌بێت ده‌ست به‌سه‌ر كه‌ره‌سته‌كانى گواستنه‌وه‌دا بگرێت، ئه‌گه‌ر تۆمه‌تبار هى خۆى بێ یاخود به كرێى گرتبێت، وه له‌كاتى ساغ بوونه‌وه‌ى تاوانه‌كان ئه‌و تانكه‌رانه له زیادكردنى ئاشكرادا ده‌فرۆشرێن.
سه‌رکۆ گه‌ڵاڵى بڕیارده‌رى لیژنه‌ى وزه‌و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان له په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ڵێت، پرۆژه‌كه به گرنگ وه‌سف ده‌كات و ده‌ڵێت، له هه‌رێمى كوردستان دوو دیارده‌ى زه‌ق هه‌ن، كه یاساكه ئامانجى رێگریكردنه له‌و دیاردانه، ئه‌وانیش كونكردنى بۆرى نه‌وت، كه به‌رده‌وام دووباره ده‌بێته‌وه و له‌گه‌ڵ به‌قاچاغبردنى نه‌وت به رێگه‌ى تانكه‌ره‌وه، رێگه‌ى سێیه‌میش هه‌یه به‌ڵام نه‌بووه به دیارده، ئه‌ویش دزینى نه‌وت له رێگه‌ى بۆرى ئاوه‌وه. ئه‌و په‌رله‌مانتاره پێى وابوو تا رۆژى چوارشه‌ممه‌ى داهاتوو یاساكه په‌سه‌ند ده‌كرێت.
پاداشت بۆ هه‌واڵده‌ران
پرۆژە یاساكه پاداشتى تایبه‌تى بۆ ئه‌و كه‌سانه دیاریكردووه، كه هه‌واڵ ده‌ده‌ن به لایه‌نه ئه‌منییه‌كان یاخود دادگا له بوونى تاوانى له‌و جۆره، پاداشته‌كه بۆ هه‌واڵده‌ران سه‌دا ٢٥ى به‌هاى ئه‌و مادده‌یه كه ده‌ستى به‌سه‌ردا گیراوه، به مه‌رجێك له ١٥ ملیۆن دینار تێنه‌په‌ڕێت.
پرۆژه یاساكه هه‌روه‌ها لایه‌نه ئه‌منییه‌كانى وه‌ك ئاسایش و هێزه‌كانى ناوخۆى پابه‌ندكردووه به رێگریكردن و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى كه‌ره‌سته‌و مادده قاچاغه‌كان و ئاماده‌كردنى دۆسیه‌ى تۆمه‌تباران بۆ دادگا.
كونكردنى بۆرى و تاوانى تیرۆر
مادده‌ى حه‌وتى پرۆژه‌كه ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه، ئه‌وانه‌ى له كونكردنى بۆرییه‌وه تێوه ده‌گلێن، به رێگه‌ى ته‌قاندنه‌وه‌ى یاخود هه‌ر رێگه‌یه‌كى دیكه، ئه‌وا به یاساى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر ژماره (٣)ى ساڵى ٢٠٠٨ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
لاى خۆیه‌وه شێركۆ جه‌وده‌ت ئه‌ندامى لیژنه‌ى وزه‌و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان له په‌رله‌مانى كوردستان به په‌یسه‌رى راگه‌یاند، یاساكه گرنگه و په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه هه‌یه كه نه‌وت به قاچاغ مامه‌ڵه‌ى پێوه ده‌كرێت، له عێراق یاسا هه‌یه و بۆ هه‌رێمى كوردستانیش پێویسته، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، ره‌نگه جیاوازى لاوه‌كى هه‌بێت له‌سه‌ر یاساكه به‌ڵام كۆده‌نگى له‌سه‌رە بۆ په‌سه‌ند كردنى.