کوردستان

01:03 - 29/02/2020

حه‌رب بۆ په‌یسه‌ر : ده‌كرێت ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی عه‌بدولمه‌هدی هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌‌

پەیسەر


تارق حه‌رب شاره‌زای یاسایی عێراقی به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌مێنێته‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی كابینه‌ی نوێ دروست ده‌كرێت، ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی عه‌بدولمه‌هدی ده‌یكات، به‌وه‌ی پۆسته‌كه‌ی جێده‌هێڵێت هیچ به‌هایه‌كی نیه‌، چونكه‌ سه‌رۆك وه‌زیران دوو جێگری هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان سامرغه‌زبانه‌ و ئه‌وی تریان فواد حوسێنه‌، كاری جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاری سه‌رۆك وه‌زیران بكات ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران خۆی ئاماده‌نه‌بوو.

حه‌رب ده‌ڵێت، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌توانێت ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشووی عادل عه‌بدولمه‌هدی و كابینه‌كه‌ی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌، به‌وه‌ش كابینه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی جارێكی تر كارا ده‌بێته‌وه‌، پێویستی به‌وه‌ نیه‌ جارێكی تر متمانه‌ی پێ بدرێته‌وه‌.

ئه‌و شاره‌زا یاساییه‌ی عێراق ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران تا ٢ی ئازار كۆبووەوه‌ و ده‌نگی به‌ كابینه‌كه‌دا به‌ قبوڵكردن یان ره‌تكردنه‌وه‌ی، ئه‌وه‌ كاتی به‌رده‌م عه‌لاوی كۆتایی دێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆنه‌بووەوه‌ ئه‌وه‌ كه‌موكوڕی عه‌لاوی نیه‌ و كه‌مته‌رخه‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌، بۆیه‌ له‌و دۆخه‌دا عه‌لاوی زه‌ره‌رمه‌ند نابێت، چونكه‌ هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نه‌یتوانیوه‌ كۆببێته‌وه‌.

حه‌رب روونیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر تا چه‌ندین مانگی تر ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆنه‌بووه‌وه‌ ئه‌وه‌ كاتی ده‌ستوری به‌رده‌م عه‌لاوی كۆتایی نایه‌ت.

سبه‌ینێ دوا واده‌ى ده‌ستوورییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى كابینه‌كه‌ى رابگه‌یه‌نێت، تا ئێستا دیارنییه‌ دانیشتنه‌كه‌ى سبه‌ینێى په‌رله‌مان رێژه‌ى یاسایى ته‌واو ده‌كات یاخود نا.