کوردستان

11:44 - 21/02/2020

یەكشەممە تاقیگەیەكی پشكنینی كۆرۆنا لە سلێمانی دەكرێتەوە‌

پەیسەر

دكتۆر هێرش سەلیم جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە پەیسەرپرێسی راگەیاند، شەوی رابردوو ژمارەیەك ئامێری پێوانی گەرمیی هەستیاریان بەدەستگەیشتووە و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بەسەر مەرزەكانی نێوان هەرێم و ئێراندا دابەشیانكردووە. وتیشی، بریارە سبەینێ شەممە ژمارەیەكی تری هەمان ئامێر بگاتە دەستیان، ئەونیش بەسەر مەرزە لاوەكیەكاندا دابەش دەكەن.

جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، تیمەكانیان لەمەرزەكاندا ئامادەكردووە و پشكنین بۆ ئەو كەسانە دەكەن كە لەئێرانەوە دێنەوە. وتیشی، 36 كەس لەچینەوە هاتوونەتەوە سلێمانی، 20یان چینی بوون و 16یان هاوڵاتی هەرێمی كوردستان و كەركوك  بوون، زیاتر لە 30 كەسیان 14 رۆژەكەیان تێپەراندووە و لەشوێنێكی دابراو هێڵراونەتەوە تا دەركەوت كە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە نین، ئەوانەی تریش لەژێر چاودێریدان و لەم رۆژانەدا 14 رۆژەكە تەواو دەكەن.

جێگری بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، نەخۆشخانەیەكیان لەسلێمانی جیاكردۆتەوە بۆ لەخۆگرتنی ئەو كەسانەی گومانیان لێدەكرێت، هەر لەسلێمانی تاقیگەیەكی پێشكەوتووشیان دامەزراندووە كە یەكەم تاقیگەیە لە سەرتاسەری عێراق بتوانێت پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكات و لەرۆژی یەك شەممەوە كاری لەسەر دەكرێت.

ئەو بەرپرسەی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، دەبێت خەڵك لەخێرایی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكە بترسێت و خۆی بپارێزێت لەشوێنی قەرەباڵغ و كۆڕ و كۆبوونەوە و لەسەردانی نەخۆش لە نەخۆشخانەكان و دووركەوتنەوە لەو كەسانەی پەتایان هەیە، یان ئەو كەسانەی نیشانەكانی ئەنفلۆنزایان هەیە و لەدەرەوە هاتوونەتەوە، دەبێت دەزگا تەندروستیەكان ئاگاداربكاتەوە.

بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە، دكتۆر هێرش دەڵێت، پێویستە زوو زوو دەست بە مادەی پاككەرەوە بشۆردرێت و لەشوێنە گشتیەكاندا دەمامك بەكاربهێنرێت، جێبەجێكردنی ئەو رێنمایانە بەدڵنیاییەوە خۆپارێزییەكی باش دەبێت.

دكتۆر هێرش داوا دەكات هەموو راگەیاندنەكان رێنمایی خۆپارێزی بەسەر هەموو شوێنەگشتیەكاندا بڵاوبكەنەوە، چونكە ئەوە بابەتێكی هەستیارە و پەیوەستە بە ئاسایشی نەتەوەییەوە، دەشڵێت پشتیوان بەخوا تووش نابین، بەڵام ئەگەر تووش بین چارەسەرمان تۆزێك قورس دەبێت، چونكە لە ڕووی پزیشکییەوە توانامان زۆر بەهێز نیە.