کوردستان

06:47 - 19/02/2020

سەرۆكی یەكێتی هەناردە و ناردنكاران: كاڵای چینی لەهەرێم كەمیكردووە‌

پەیسەر

شێخ مستەفا شێخ عەبدولرەحمان سەرۆكی گشتی یەكێتی هاوردە و ناردنكاران بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند، چین سێیەم وڵاتە كە هەرێمی كوردستان ئاڵۆگۆڕی بازرگانی لەگەڵ دەكات و ساڵانە بەهای ئاڵوگۆڕی بازرگانی چین و هەرێمی كوردستان نزیكەی 4 ملیار دۆلارە بەڵام لەئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرونا، كاڵای چینی بەكەمی دێت و وەك جاران بە ئازادانە ئاڵوگۆری بازرگانی ناكەن.

شێخ مستەفا دەڵێت ئەم دۆخە كاریگەریەكی ئەوتۆی لەسەر هەرێم نەكردووە چونكە بازرگانانی هەرێم پەیوەندیە بازرگانیەكانیان لەدەرەوە لەگەڵ یەك وڵات نیە لەگەڵ چوار بۆ پێنج وڵاتە، ئەگەر لە وڵاتێك ئاڵوگۆڕی بازرگانی بوەستێت لەگەڵ وڵاتێكی تر جێگەی دەگرێتەوە، لەئێستادا بازرگانی هەرێم لەگەڵ توركیا و ئێران فراوانتر بووە و جێگەی چینیان گرتووەتەوە، بەشێوەیەكی گشتی كەلوپەل لە ئێران و توركیا و یۆنان و وڵاتانی ئەوروپاوە دەهێنرێتە هەرێم لە زۆر وڵاتی تریش كە هەرێمی كوردستان بەبەردەوامی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكات.

سەرۆكی گشتی یەكێتی هاوردە و ناردنكاران دەڵێت كەلوپەلی چینی كەم بووە بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستێك كە بازارەكانی هەرێم گرانی یان نەبوونی كاڵایان پێوە دیار بێت و نەبووە بەئاستەنگێك بۆ بازاری هەرێم.

شێخ مستەفا دەڵێت ئەو كەلوپەلانەی لەچینەوە دەهێنرێنە هەرێم كەلوپەلی سەرەكی بازار نین و بابەتی خۆراك و رۆژانە لە توركیا و ئێران دێن بەڵام كەلوپەلی چینی لەبواری بیناسازی و كەلو پەلی كارەبایی زیاتر دێتە هەرێم ئەوانەش لەوڵاتانی ترەوە دێن دەتوانرێت جێگەی چین بگرێتەوە.