کوردستان

11:15 - 14/02/2020

هه‌وڵێك بۆ پێكهێنانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی له‌ ئارادایه‌‌

پەیسەر

پەیسەرپرێس زانیاری دەربارەی پێكهێنانه‌وه‌ی هاوپەیمانی كوردستانی بڵاودەكاتەوە.

 جەمال كۆچەر سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بەشداری كۆبوونەوەی رۆژی  11/2/2020ی سەرۆكایەتی هەرێم و فراكسیۆنە كوردستانیەكانی كردووە بە پەیسەرپرێسی راگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆكایەتی هەرێم رەشنوسێكی 8 خاڵیان بۆ دروستكردنەوەی هاوپەیمانی كوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەكردووە و لەو كۆبوونەوەیەدا دایانە دەست فراكسیۆنە كوردستانیەكان، تێیدا پێناسەی هاوپەیمانیەتیەكەیە و ئامانجەكانی دروستكردنی و ئەركەكانی و هەڵوێستەكانی، دیاریكراون.

جەمال كۆچەر دەڵێت نێچیرڤان بارزانی لەكۆبوونەوەكەدا پێی گوتین بچن رەشنوسەكە بخوێننەوە هەر تێبینیەكتان هەبوو لەسەری دەستكاری بكەن و زیاد و كەمی بكەن پاشان ئەگەر بڕیارتاندا واژۆی لەسەر بكەن.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو دەشڵێت، نێچیرڤان بارزانی پێی گوتین، حەزدەكەین هاوپەیمانیەتیەكی گەورە و بەهێز و راستەقینە لەنێوان فراكسیۆنە كوردیەكان دروست بكرێت، ئەگەر هاوپەیمانیەتیەكی لاوازی بێ متمانەبێت ئەوە با هەر دروست نەكرێت.

جەمال كۆچەر دەڵێت، ئەو هاوپەیمانیەتیە ئازادانەیە و لایەنەكان دەتوانن واژۆی بكەن و پابەندبن پێوەی یان نەچنە ناوی، دەشڵێت هیچ وادەیەك بۆ بریاردان لەسەر ئەو هاوپەیمانێتیە دیاری نەكراوە، بەڵام هەر فراكسیۆنێك ئەو پرۆژەیە تاوتوێ دەكات و دواتر فراكسیۆنەكان كۆدەبنەوە و تێبینیەكانیان باس دەكەن، ئەگەر رێككەوتن كرا واژۆی لەسەر دەكەن ئەگەریش فراكسیۆنەكان رەتیانكردەوە یان هەر فراكسیۆنێك بەدڵی نەبێت دەتوانێت واژۆی نەكات.

رۆژی 11ی شوبات سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامی كۆبۆوە و پرۆژەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی بۆ دروستكردنەوەی هاوپەیمانی كوردستانی خستە بەردەمیان.