02:55 - 24/12/2018
پارتی دەیەوێت رۆڵ بە مەلا بەختیار بداتەوە
پارتی دیموكراتی كوردستان، دەیەوێت رۆڵ بەمەلا بەختیار، لیپسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بداتەوە، كە ماوەیەكە لەناو حیزبەكەی خۆی پەراوێز خستووە.
مەلا بەختیار بەهۆی پرسی هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆماری عێراق لەلایەن یەكێتی نیشتمانی، لەمانگی نۆی رابردووەوە لەحیزبەكەی نیگەران بووەو خۆی بەدوور گرتووە لەبەشداری كۆبوونەوەكانی سەركردایەتیو مەكتەبی سیاسی.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لەپارتی دیموكراتى كوردستان بۆ پەیسەر پرێس ئاشكرایكرد، كە لەئێستادا ئەو حیزبە لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی لەناو یەكێتی رۆڵ بدرێتەوە بەمەلا بەختیار، بۆ ئەوەش قسەی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی ئەو حیزبە كردووە.
سەرچاوەكە ئاشكراشیكرد، هەوڵەكەی پارتی بەو ئاراستەیە، مەلا بەختیار ببێتە ئەندامی شاندی یەكێتی بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم، هەروەها دەشیەوێت پۆستێكی لەسەرۆكایەتییەكانی هەرێم پێبدات، كە رەنگە ئەو پۆستەش پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم بێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، مەلا بەختیار رۆژی یەكشەممە لەدواین دەركەوتنی سەردانی سەر گۆڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی پێشووی یەكێتی نیشتمانی كرد، كە ئەوە دوا دەركەوتنی بوو لەدوای مانگی رابردوو.
مەلا بەختیار لەدوای سەردانەكەشی بۆ سەر گۆڕی تاڵەبانی قسەی بۆ میدیاكانی یەكێتی كردو وتی: ئەگەر دەمانەوێت "رۆحی مام جەلال ئاسوودە بكەین، دەبێت كۆنگرەیەكی سەركەوتوو بۆ یەكێتی گرێبدەین".