کوردستان

06:10 - 12/02/2020

قوباد تاڵەبانی داوایەك لە مه‌سرور بارزانى دەكات‌

پەیسەر


قوباد تاڵەبانی جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت، داوا له‌ مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌ت ده‌كات، ده‌سه‌ڵاتى پێبدات بۆئه‌وه‌ى چه‌ند گۆڕانكارییه‌ك له‌ پۆسته‌كانى سنورى سلێمانى و گه‌رمیان و راپه‌ڕین بكات. 

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر پرێس، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت داوای لە مەسرور بارزانی كردووە، دەسەڵاتی گۆڕانكاری لە بەشێك لەپۆستە ئیداریەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەكانی راپەرین و گەرمیانی پێ بدات، بەڵام تا ئێستا مەسرور بارزانی ئەو داواكارییەی قبوڵ نەكردووە.

مەسرور بارزانی لە شه‌ش مانگى رابردوودا لە هەولێر، پارێزگاری شارەكە و سەرۆكی شارەوانی و بەڕێوەبەری پۆلیس و چەند بەرپرسێكی تری گۆڕی، دواى ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ تیمی یەكێتیش لە حكومەت داوای لەقوباد تاڵەبانی كردووە، چەند گۆڕانكارییەك لە پۆستەكان بكات.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ى راگه‌یاند، مه‌سرور بارزانى تا ئێستا وه‌ڵامى ئه‌و داواكارییه‌ى قوباد تاڵه‌بانى نه‌داوه‌ته‌وه‌. ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، بارزانی لەبەر سێ هۆكار تا ئێستا رەزامەندی لەسەر ئەو داواكاریەی جێگرەكەی پیشان نەداوە، گومانى هه‌یه‌ تاڵه‌بانى ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى به‌كاربهێنێت، بۆ یەكلایی كردنەوەی كێشە ناوخۆییەكانی ناو یەكێتی بێت، لە بەرژه‌وەندی ماڵی تاڵەبانی و لەدژی باڵەكانی تر.

هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانى گومانى هه‌یه‌، ئەو دەسەڵاتە لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە دژی بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنەكانی تر بەكاربهێندرێت. هۆكاری سێیەمیش ئه‌وه‌یه‌ به‌رنامه‌ى مەسرور بارزانی به‌و جۆره‌یه‌، نایەوێت ئەو سەرۆكی حكومەتی هەولێر و دهۆك و جێگرەكەشی سەرۆكی حكومەتی سلێمانی بێت.