03:44 - 12/02/2020
سوپای عێراق داوایه‌ك له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ده‌كات
وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق، به فه‌رمى داوا له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، ئه‌و ژوورى هه‌ماهه‌نگییه‌ى پێشتر له‌نێوانیان هه‌بوو چالاكى بكه‌نه‌وه، له‌پێناو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسى گرووپه چه‌كدارییه"تیرۆرستییه‌كان".
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه ده‌ستی كه‌وتووه، وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق داوای له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم كردووه، ئه‌و ژووره هه‌ماهه‌نگییه‌ی له نێوانیاندابووه كارابكرێته‌وه، به مه‌به‌ستی ئاڵوگۆڕی زانیاری له‌سه‌ر گروپه تیرۆرستییه‌كان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان، كاری هاوبه‌ش به تایبه‌تیش له ناوچه جێناكۆكه‌كان.
ژوورى هه‌ماهه‌نگى نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و به‌رگرى له‌دوای رووداوه‌كانی ١٦ی ئۆكتۆبه‌رەوە، كاره‌كانی سست بووبوون، ئێستا له‌سه‌ر داواى وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق ژووره‌كه به‌ره‌و چالاكبوونه‌وه ده‌چێت.
سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ئاماده‌یی ده‌ربڕیووه بۆئه‌وه‌ی سوپای عێراق و پێشمه‌رگه، پێكه‌وه رووبه‌ڕووی گروپه تیرۆرستییه‌كان ببنه‌وه.