کوردستان

02:06 - 24/12/2018

هۆكاری دواخستنی كۆبوونەوەی مەكتەی سیاسی یەكێتی‌

پەیسەر

بڕیاربوو ئەمڕۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی  نیشتیمانی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی بوونی دوو بۆچوونی جیاواز بۆ پێشنیارەكانی یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی حكومەت و ململانێی باڵەكانی ئەو حیزبە كۆبوونەوە بۆ كاتێكی تر دواخرا.

بە پێی ئەو زانیاریانەی دەستی پەیسەرپرێس كەووتوە، ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، ململانێی ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بووە.

ماڵی تاڵەبانی پشتیوانی نزیك بوونەوە لەگۆڕان دەكات لەبەرامبەردا كۆسرەت رەسوڵ پێی باشە لەگەڵ پارتی رێكبكەون

پێش كۆبوونەوەكە ناكۆكی لەنێوان باڵی بنەماڵەی تاڵەبانی و باڵی كۆسرەت رەسوڵ لەسەر چۆنێتی بەشداری یەكێتی لە كابینەی نوێ و رەتی گفتوگۆكان هەبووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا ناكۆكی نێوان ئەو دوو بەرەیە قوڵتر بووەتەوە كۆبونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

سەبارەت بەناكۆكیەكانیش سەرچاوەكەی پەیسەرپرێس دەڵێت، ماڵی تاڵەبانی پشتیوانی نزیك بوونەوە لەگۆڕان دەكات لەبەرامبەردا كۆسرەت رەسوڵ پێی باشە لەگەڵ پارتی رێكبكەون، هەروەها ماڵی تاڵەبانی پێیان وایە نابێت یەكێتی دەستبەرداری پۆستی وەزیری دادبێت، چونكە ئەوە هەژمونی پارتی لەعێراق بەهێز دەكات لەبەرامبەردا كۆسرەت رەسوڵ عەلی پێی وایە پێداگری یەكێتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد زیان بەپێگەی یەكێتی لەكابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم دەگەیەنێت.

بەپێی زانیاریەكان ماڵی تاڵەبانی و كۆسرەت رەسوڵ لەسەر چەند پۆستێكی كابینەی داهاتوو هێشتا بەتەواوەتی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، ئەوەش بەشێكی تری ناكۆكیەكانە.

ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: ژمارەیەك ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەوڵی نێوەندگیری دەدەن، هەركاتێكیش بگەنە ئەنجام كاتی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی دیاری دەكرێت.