کوردستان

03:42 - 10/02/2020

پارتی له‌ هێشتنه‌وه‌ی وه‌زیره‌كانی به‌غداى بێئومێد ده‌بێت‌

پەیسەر

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دوای راسپاردنی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی، به‌ نهێنی چه‌ند جارێك گفتوگۆی له‌گه‌ڵ عه‌لاوی و تیمه‌كه‌ی كردووه‌، له‌ رێگه‌ی به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماریشه‌وه‌ په‌یامێكی بۆ ناردووه‌ كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ فواد حوسێن وه‌زیری دارایی و به‌نگین رێكانی وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌پۆسته‌كانیان بهێڵێته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، دوا وه‌ڵامی عه‌لاوی و لایه‌نه‌ شیعه‌كانیش ئه‌وه‌ بووه‌، كه‌ هیچ وه‌زیرێكی كابینه‌ی عه‌بدولمه‌هدی نامێنێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت، دواى ئه‌وه‌ى داواكارییه‌كه‌ى پارتى ره‌تكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌و حزبه‌ شێوازى داواكارییه‌كه‌ى گۆڕیوه‌و داوایكردووه‌، هه‌ردوو پۆسته‌ وزارییه‌كه‌ی له‌كابینه‌ی داهاتوو پێ بدرێته‌وه‌، یاخود وه‌زیری داراییان بۆ به‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بگۆڕدرێت و كاندیدی نوێ پێشكه‌ش بكه‌ن، به‌ڵام تائێستا عه‌لاوی به‌و داواكارییه‌ش رازی نه‌بووه‌.

له‌ به‌رامبه‌ردا پارتی به‌ ئاشكرا به‌ تیمی دانوستانكاری عه‌لاوی راگه‌یاندووه‌، كه‌ ئه‌وان به‌ دانانی وه‌زیری بێلایه‌ن له‌سه‌ر پشكی پارتی رازی نابن، به‌شداری ناكه‌ن و هه‌ڵوێستیان ده‌بێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت، پارتی پێی وایه‌ دروستكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت به‌ناوی ته‌كنۆكراته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ شیعه‌كان به‌ته‌واوه‌تی كۆنترۆڵی حكومه‌ت و بڕیاری سیاسی و ئیداره‌دانی عێراق بكه‌ن و لایه‌نه‌كانی تر ئه‌وه‌نده‌ی تر لاوازبن، ئه‌گه‌رنا خودی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو كه‌سێكی بێلایه‌نی سه‌ربه‌خۆ نیه‌، ده‌شڵێت له‌سه‌رده‌می كابینه‌كانی عه‌بادی و عه‌بدولمه‌هدیش ئه‌وه‌ باسكراوه‌، به‌ڵام ره‌تكراوه‌ته‌وه‌.