کوردستان

03:36 - 08/02/2020

ناوه‌رۆكى پرۆژه‌یه‌كى نێچیرڤان بارزانى بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ عه‌لاوى‌

پەیسەر

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پرۆژه‌یه‌ك بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى، كاندیدى راسپێردراو بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئاماده‌ ده‌كات، پرۆژه‌كه‌ جارێ كۆده‌نگى له‌سه‌ر دروست نه‌بووه‌. 

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، نێچیرڤان بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم پرۆژه‌یه‌كی گه‌ڵاڵه‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ناوی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت بكات.

له‌ پرۆژه‌كه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستاندا داواكراوه‌، كابینه‌ی نوێ پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بێت كه‌ له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و كابینه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ئاماده‌كراوه‌، كورد شه‌ریك بێت له‌ به‌ڕێوه‌بردن، پێشمه‌رگه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ له‌بواری موچه‌  و پرچه‌ككردن له‌ چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق پێگه‌ی پێبدرێت و مافه‌كانیان بدرێت، سنورێك بۆ به‌ عه‌ره‌بكردنی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان دابنێت و سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ پابه‌ندی جێبه‌جێكردنی ده‌ستور بێت وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكات و رێز له‌ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم بگرێت.

به‌پێى پرۆژه‌یه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى، كورد به‌و مه‌رجانه‌ ئاماده‌یه‌ ده‌نگ به‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراق بدات و ده‌نگى پێبدات. به‌ڵام تائێستا كۆده‌نگى له‌سه‌ر پرۆژه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى درووست نه‌بووه‌ و نه‌بووه‌ به‌ پرۆژه‌ى هه‌موو لایه‌نه‌كان. 

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و داواكارییانه‌ رێك بكه‌ون، ئه‌وه‌ به‌ناوی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌درێته‌ عه‌لاوی، ئه‌گه‌ریش رێككه‌وتنی له‌سه‌ر نه‌كرێت ئه‌وه‌ پارتی داواكارییه‌ حزبییه‌كانی تایبه‌ت به‌ پۆسته‌ وه‌زاریه‌كانی بۆ زیاد ده‌كات و وه‌ك داواكاری خۆی پێشكه‌شی كابینه‌ی نوێی ده‌كات.