کوردستان

04:57 - 06/02/2020

لایه‌نه‌كان فشاره‌كانیان له‌سه‌ر عه‌لاوی چڕ ده‌كه‌نه‌وه‌‌

پەیسەر

رۆژنامه‌ی عه‌ره‌بی جه‌دید له‌ زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومه‌ته‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر عه‌لاوی نه‌گاته‌ چاره‌سه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ فشاریان دروستكردووه‌، ئه‌وه‌ له‌ پرسی پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كێشێته‌وه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ راشیگه‌یاندووه‌، تا ئێستا دڵنیایی نییه‌ له‌ تێپه‌ڕاندنی كابینه‌كه‌ی عه‌لاوی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌بوونی متمانه‌ له‌نێوان كوتله‌سیاسیه‌كان.

لاى خۆیه‌وه‌، محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى ئه‌مڕۆ له‌ په‌یامێكیدا كه‌ ئاڕاسته‌ى گه‌لانى عێراقى كرد گوتى، ئه‌وه‌ى رووده‌دات ئێمه‌ى خستووه‌ته‌ گۆشه‌یه‌كى ناخۆشه‌وه‌، ناتوانین به‌رده‌وام بین له‌و ئه‌ركه‌ى پێمان سپێردراوه‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامى ئه‌وه‌ى كه‌ گه‌نجه‌كانمان رووبه‌ڕووى ده‌بنه‌وه‌، من نه‌هاتووم بۆ ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌، ته‌نها له‌پێناوى ئه‌وه‌دا نه‌بێت كه‌ ئه‌وشتانه‌ دروست بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ وێران كراون".

غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، دروستكردنی كابینه‌ی حكومه‌ت له‌و ماوه‌ ده‌ستورییه‌ی له‌ به‌رده‌م عه‌لاوی هه‌یه‌ ئاسان نییه‌، چونكه‌ دیار نیه‌ لایه‌نه‌سیاسییه‌كان واز له‌ كاندیدی حزبی بهێنن.

گوتیشی:"عه‌لاوی ده‌یه‌وێت كابینه‌كه‌ی بێلایه‌نی ته‌كنۆكرات بێت به‌ڵام پێناچێت، به‌ ته‌واوه‌تی له‌وه‌ سه‌ركه‌وتووبێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سەدا ٥٠ سه‌ركه‌وتووبێت، ئه‌وه‌ هه‌ر هه‌نگاوێكی گرنگه‌".