کوردستان

04:43 - 06/02/2020

سه‌رۆكی حكومه‌ت فۆرمی ئاشكراكردنى سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ى نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌‌

پەیسەر

تا ئێستا مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، فۆرمى ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێمى كوردستانى تایبه‌ت به‌ ئاشكراكردنى سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ى نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌سته‌كه‌. 

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، تا ئێستا مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت و چه‌ند وه‌زیرێكى كابینه‌كه‌ى، فۆرمێكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكییان نه‌گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌، بۆ ئاشكراكردنی سه‌روه‌ت و سامانه‌كانیان.

حاكم ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند راپۆرتی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی تایبه‌ت به‌ساڵی ٢٠١٩ ته‌واو بووه‌، سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌ینێرن بۆ په‌رله‌مان و دوای چه‌ند رۆژێك له‌گه‌یشتنی به‌ په‌رله‌مان بۆ میدیاكانی ده‌نێرن، له‌سه‌ر سایتی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكیش بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی ده‌ڵێت، ئه‌مساڵ دۆخی عێراق له‌پرسی شه‌فافیه‌ت گۆرانی به‌سه‌رداهاتووه‌ و بۆ ئه‌مساڵ له‌ لیستی رێكخراوی شه‌فافیه‌ت له‌ژماره‌ ١٨ یه‌ پێشتر له‌ ژماره‌ هەشت و نۆ بووه‌، ئه‌وه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراقه‌. ئه‌و رێكخراوانه‌ له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ت مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ هه‌رێمى كوردستانیش وه‌ك به‌شێك له‌عێراق حسابی بۆ كراوه‌.

ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێمى كوردستان، داوایان له‌ رێكخراوی شه‌فافیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی كردووه‌، پۆلێنێكی جیاواز له‌عێراقیان بۆ بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام رێكخراوه‌كه‌ رازی نه‌بووه‌و گوتویانه‌، ئه‌وان له‌سه‌ر ئاستی ده‌وڵه‌ت پۆلێن ده‌كه‌ن. ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر ده‌شڵێت:"به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ دۆخی كوردستان باشتره‌ له‌ عێراق".

ده‌سته‌ى ده‌ستپاكى هه‌رێمى كوردستان، كۆتایی ساڵی رابردوو گرێبه‌ستێكیان له‌گه‌ڵ رێكخراوی یوئێن دی پی واژۆكردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی پۆلێنێكی تایبه‌ت به‌ هه‌رێم دروست بكرێت سه‌باره‌ت به‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان، به‌ڵام تائێستا ئه‌وه‌ هه‌ر هه‌وڵه‌ و نه‌هاتوووه‌ته‌ به‌رهه‌م.

ماوه‌ی دوو ساڵه‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی هێڵێكی گه‌رمیان كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ژماره‌ (١٠١٥) یه‌ و له‌هه‌ر دوو كۆمپانیای ئاسیاسێڵ و كۆره‌ك تیلیكۆمه‌وه‌، هاوڵاتیان ده‌توانن به‌بێ به‌رامبه‌ر په‌یوه‌ندی بكه‌ن و زانیاری ده‌رباره‌ی دۆسیه‌كانی گه‌نده‌ڵی بده‌نه‌ ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی.