کوردستان

04:15 - 06/02/2020

داهاتى گرێبه‌سته‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵ مانگانه‌ ٣٠ ملیۆن دۆلاره‌‌

پەیسەر


ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، داهاتى رۆژانه‌ى گرێبه‌ستى گواستنه‌وه‌ى غاز له‌ چه‌مچه‌ماڵ یه‌ك ملیۆن دۆلاره‌، بۆیه‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر داهاته‌كه‌ى ده‌كرێت، ئه‌گینا هه‌رێمى كوردستان زیاد له‌ رێژه‌ى پێویست غازى هه‌یه‌.

غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، مانگی یه‌كی ئه‌م ساڵ ٣٢ هه‌زار تۆن غازی سروشتی به‌رهه‌م هێندراوه‌، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ ١٩ هه‌زار تۆنه‌، به‌و پێیه‌ش ١٣ هه‌زار تۆن زیاد له‌ پێداویستی ناوخۆ به‌رهه‌م هێندراوه‌،"ئه‌و ئه‌زمه‌یه‌ی ئێستا هه‌یه‌، قه‌یرانی شه‌ڕه‌ بۆ داهاتی كۆمپانیاكان".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد، هه‌ر كۆمپانیایه‌ك ته‌نده‌ری دابه‌شكردنی غازی سروشتی بۆده‌ربچێت، مانگانه‌ ٣٠ ملیۆن دۆلاری ده‌ست ده‌كه‌وێت،"ئه‌گه‌ر هیچ فێڵێك له‌ كوالێتی و بڕه‌كه‌ی نه‌كات، خۆ ئه‌گه‌ر فێڵی تێدا بكات وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ پێده‌چێت داهاته‌كه‌ی بۆ دوو ئه‌وه‌نده‌ زیاد بكات".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق ده‌توانێت ده‌ستوه‌ردان له‌و كێشه‌یه‌ بكات، غالب محه‌مه‌د رایگه‌یاند، له‌ رووی ئیدارییه‌وه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی غازه‌كه‌ی لێ به‌رهه‌م ده‌هێندرێت ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر دوز و سه‌ر به‌پارێزگای سه‌ڵاحه‌دینه‌، به‌ڵام له‌ژێر ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمدایه‌ عێراق ناتوانێت لیژنه‌ بنێرێت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ چونكه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی كۆمپانیای نه‌وتی باكوردا نیه‌.

گوتیشى، پێویسته‌ تیمێكی جیۆلۆجیناسی له‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌ بنێردرێت بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ى كه‌ ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌وه‌ غاز و ئاو پێكه‌وه‌ ده‌سوتێت، بۆ ئه‌وه‌ی بزاندرێت ده‌مارێكی سه‌ره‌كیه‌ یان ده‌مارێكی لاوه‌كیه‌، ئه‌گه‌ر ده‌مارێكی لاوه‌كی بێت پێویسته‌ دابخرێت، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و كێشانه‌ی هه‌یه‌ كۆمپانیای دانه‌غاز نه‌یتوانی وه‌به‌رهێنانی تێدا بكات.