کوردستان

05:05 - 05/02/2020

چاره‌نووسی پرۆژه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان له‌سه‌ر پاشكه‌وتی مووچه‌‌

پەیسەر

ساڵی ٢٠١٧ ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانى هه‌رێمى كوردستان، پرۆژه‌یه‌كیان ئاماده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ژماره‌ حسابییان بۆ بكرێته‌وه‌ و بڕی پاره‌ی پاشكه‌وتكراویان له‌و ئه‌ژماره‌ بانكیه‌ دابنرێت و بتوانن له‌به‌رامبه‌ر خزمه‌تگوزاریه‌كانی حكومه‌ت به‌كاری بهێنن. ئه‌ندامێكى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا ده‌ڵێت داواكارییه‌كه‌ى ئه‌وان، له‌ یاساى چاكسازى جێگیركراوه‌. 

كه‌نعان خه‌یلانی سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر بە په‌یسه‌ر پرێسی راگه‌یاند، سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نوسی پرۆژه‌كه‌یان له‌ پرۆژه‌ یاسای چاكسازی كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندیكردووه‌ و سه‌رۆكی هه‌رێمیش واژۆی كرد، ئه‌و بڕگه‌یه‌ جێگیركراوه‌ كه‌ ده‌بێت فه‌رمانبه‌ران ئه‌ژماری بانكییان بۆ بكرێته‌وه‌ و پاشكه‌وته‌كانیان له‌وێ جێگیربكرێت،"بۆیه‌ پرۆژه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان چیتر پێویست نییه‌، هه‌نگاوه‌كه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان هه‌نگاوێكی باشه‌ و پشتیوانی ده‌كه‌ین".

له‌ یاساى چاكسازى مادده‌یه‌ك جێگیركراوه‌، كه‌ ده‌بێت هه‌ژمارى بانكى بۆ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك بكرێته‌وه‌، وه‌زاره‌تى داراییش رێنمایى به‌كارهێنانى هه‌ژماره‌كه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌. به‌ڵام یاساكه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌نه‌كردووه‌، كه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزى ئاو و كاره‌با به‌كار بهێندرێت. به‌ڵام پرۆژه‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ئاماژه‌ى به‌وه‌كردبوو ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ دانه‌وه‌ى قه‌رزه‌كانى حكومه‌ت به‌كاربهێندرێت.  

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی سه‌باره‌ت به‌ ته‌مه‌نی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان رایگه‌یاند، په‌رله‌مانی كوردستان ته‌مه‌نی خولی ئێستای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی درێژكردووه‌ته‌وه‌، تا ئه‌و كاته‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌كرێت. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نه‌كان له‌كاتی خۆیدا ناكرێت خه‌یلانی ده‌ڵێت چونكه‌ هه‌رێم ده‌ستوری نیه‌ و ئه‌گه‌ر ببێته‌ خاوه‌نی ده‌ستور ئه‌وه‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ده‌ستور دیاریده‌كرێت، هیواش ده‌خوازێت له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا هه‌رێم ببێته‌ خاوه‌نی ده‌ستوری خۆی.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواری یاسای ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانیش سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی رایگه‌یاند، پرۆژه‌یه‌ك له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌كراوه‌ و راده‌ستی خولی پێشووی په‌رله‌مان كراوه‌ چاوه‌رێی په‌رله‌مان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مواری بكاته‌وه‌.