کوردستان

04:51 - 04/02/2020

مه‌سرور بارزانی په‌یامێك بۆ حزبه‌ به‌شداره‌كانى حكومه‌ت ده‌نێرێت‌

پەیسەر

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، مه‌سرور بارزانی په‌یامێكى ئاڕاسته‌ی حزبه‌ به‌شداربووه‌كانی حكومه‌ت كردووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست له‌ كارووباری ناوخۆی حكومه‌ت وه‌رنه‌ده‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاندووه‌، به‌شێك له‌ حزبه‌ به‌شداربووه‌كانی حكومه‌ت وێرای به‌شدارییان له‌ دامه‌زراوه‌كان، به‌ڵام لێره‌ و له‌وێ ئاسته‌نگ بۆ كاری حكومه‌ت دروست ده‌كه‌ن.

بارزانى بۆ هاوبه‌شه‌كانى حكومه‌ت، جۆری ده‌ستوه‌ردانه‌كانیشی خستووه‌ته‌روو. به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر پرێس مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی داواكه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت، یه‌كێتی-یه‌ و پرسه‌كه‌ش په‌یوه‌ندی به‌چه‌ند دۆسیه‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ش؛ رۆژی ١٦-١-٢٠٢٠ پێشمه‌رگه‌یه‌كی یه‌كێتی به‌ناوی مه‌جید ئیبراهیم له‌ زیندانی ئاسایشی هه‌ولێر"گیانی له‌ده‌ستدا"، به‌هۆیه‌وه‌ یه‌كێتی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی پێكهێنا و له‌ماوه‌ی كه‌متر له‌ ٢٤ كاتژمێریشدا یه‌كێتی و پارتی و فراكسیۆنه‌كانیان پێنج به‌یاننامه‌ی جیاوازیان بڵاوكرده‌وه‌، پارتی پێی وایه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ ده‌ستوه‌ردان بووه‌ له‌ كاری ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و پزیشكی دادوه‌ری و دادگاكان.

هه‌روه‌ها مه‌سرور بارزانی پێی وایه‌، چه‌ند به‌رپرسێكی یه‌كێتی ئاسته‌نگیان بۆ كاری كۆمپانیایه‌كی غازی سروشتی له‌ چه‌مچه‌ماڵ دروستكردووه‌. سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت، په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی بۆ یه‌كێتی له‌رێگه‌ی قوباد تاڵه‌بانیه‌وه‌ نێردراوه‌، تێیدا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌ ئه‌و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌موو هه‌رێمی كوردستانه‌ و رێگه‌ به‌ زیندووكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی دوو ئیداره‌یی نادات. مه‌سرور بارزانی داوای كردووه‌، په‌یامه‌كه‌ی بگه‌یه‌ندرێته‌ بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی و شێخ جه‌نگی.