کوردستان

11:50 - 03/02/2020

نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت خۆی لەنزیكەوە بەدواداچوون بۆ کێشەکان بکات‌

پەیسەر

بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم كۆببنەوە و تیایدا دوو تەورەری سەرەكی باسدەكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر، ئامانجی سەرەكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ ئەو دوو سەرۆكایەتییە قسەكردنە لەسەر ئەو كێشەیەی كە بەهۆی غازی كۆرمۆرەوە دروست بووە.

 لە كۆبوونەوەكەدا باس لەو گرفتانە دەكرێت كە بە هۆی كێبركێی كۆمپانیاكانی یەكێتی و پارتی لەسەر پرسی دابەشكردنی غازی سروشتی دروست بووە.

لەو كۆبونەوەیەدا رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم ئامادەدەبێت و سەرەتای سەرهەڵدانی كێشەكە دەخاتەڕوو، هەروەها باسی رێكارەكانی حكومەت و ناردنی هێز بۆ كێڵگەی غازی چەمچەماڵ دەكات.

بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت خۆی لەنزیكەوە بەدواداچوون بۆ ئەو كێشەیە بكات.

زانیارییەكان ئاماژە بەوەشدەكەن بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكە تایبەتە بە پرسی یاسای چاكسازی، كە تیایدا سەرۆكی هەرێم دەیەوێت تێبینییەكانی لەبارەی یاساكەوە بۆ بەرپرسانی حكومەت ڕوونبكاتەوە.

یاسای چاكسازی كە رۆژی 16ی كانونی دووەم پەسەند كرا، تا ئێستا لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە  واژوو نەكراوە، بەپێی زانیارییەكانی پەیسەرپرێس، نێچیرڤان بارزانی تێبینی لەسەر بەشێك لە مادەكانی یاساكە هەیە و نایەوێت لەسەر دەستی ئەو، یاساكە بەو شێوەیە پەسەند بكرێت.