کوردستان

02:58 - 01/02/2020

پارتى ده‌یه‌وێت تا به‌هار وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان یه‌كلا بكاته‌وه‌‌

پەیسەر


دیاریكردنى كاندیدێك بۆ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان تائێستا ساغ نه‌بووه‌ته‌وه‌. پارتى به‌نیازه‌ دواى ته‌واوبوونى پشووى په‌رله‌مانى كوردستان، كاندیدى خۆى ره‌وانه‌ بكات، به‌ڵام زانیارى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و حزبه‌ زیاد له‌ كاندیدێكى هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت یه‌ك له‌وانه‌ یه‌كلایى بكاته‌وه‌، تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ كه‌سێك دیارى بكات.

گوڵیزار رشید جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه‌ و سامانه‌سروشتیه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، له‌ وه‌رزی به‌هاره‌ و دوای پشووی په‌رله‌مانى كوردستان، كاندیدی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌، ده‌شڵێت، تا ئێستا دیارنییه‌ یه‌ك كه‌س كاندید ده‌بێت بۆ ئه‌و پۆسته‌ یاخود كاندیدى زیاتر ده‌بێت.

لای خۆیه‌وه‌ كاروان گه‌زنه‌یی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، دواكه‌وتنی دیاریكردنی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان دوای نزیكه‌ی حه‌وت مانگ له‌ ده‌ستبه‌كاربوونی حكومه‌ت، به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارتی كێشه‌ی ناوخۆی له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ هه‌یه‌، گوتیشی هیواداره‌ پارتی یه‌ك كاندید ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكات، ئه‌و پۆسته‌ پشكی پارتییه‌ و باشتره‌ یه‌ك كاندید ره‌وانه‌ بكه‌ن و له‌په‌رله‌مان متمانه‌ی پێ بدرێت و سوێندی یاسایی بخوات.

گه‌زنه‌یی ده‌شڵێت:"دیاری نه‌كردنی وه‌زیری سامانه‌سروشتیه‌كان كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ی بۆ دروستكردووین چونكه‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ وه‌زاره‌تێكی گرنگه‌. به‌شێك له‌كاره‌كانیان به‌ هه‌ڵواسراوی ماوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ وه‌زیر سوێندی یاسایی نه‌خواردووه‌، ناشزاندرێت كێ كاره‌كانی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌رێوه‌ده‌بات".

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی فراكسیۆنی یه‌كێتی ده‌پرسێت، ئه‌گه‌ر پارتی له‌ كاندیدێك زیاتر ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكات، كامیان ده‌بنه‌ كاندیدی پارتی و ئه‌وانی تر چین؟ ئه‌و كاته‌ كێشه‌ی دابه‌شبوونی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران به‌سه‌ر كاندیده‌كاندا دروست ده‌بێت.