کوردستان

05:45 - 29/01/2020

بێ ته‌وافوق كه‌س نابێته‌ سكرتێری یه‌كێتی‌

پەیسەر

لیژنه‌ى هه‌مواركردنى په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان، مادده‌ى تایبه‌تى به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى یه‌كێتى به‌ جۆرێك هه‌موار كردووه‌، كه‌ سه‌رۆك لانى كه‌م پێویستى به‌ ٨١ ده‌نگى ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى ده‌بێت.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، ئه‌و لیژنه‌ ٢٠ كه‌سییه‌ی بۆ هه‌مواری په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی پێكهێندرابوو له‌ هه‌مواری په‌یره‌وی ناوخۆدا ئه‌وه‌یان جێگیركردووه‌، كه‌ ده‌بێت سكرتێری یه‌كێتی دوو له‌سه‌ر سێی ده‌نگه‌كانی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی بهێنێت، كه‌ ژماره‌یان ١٢١ كه‌سه‌، به‌وه‌ش ده‌بێت ٨١ ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌ جێگیرى كردووه‌ تا ئێستا ته‌نها پێشنیاره‌، به‌ڵام نازاندرێت ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی په‌سه‌ندی ده‌كات یان نا، ئه‌گه‌ر په‌سه‌ند بكرێت ئه‌وه‌ هیچ كه‌سێك به‌بێ ته‌وافوقی باڵه‌كان نابێت به‌ سه‌رۆك، ئه‌گه‌ریش له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی ره‌تبكرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌دیلی ئه‌وه‌ ٥٠ كۆ یه‌كه‌ ئه‌و كاته‌ سكرتێری یه‌كێتی پێویستی به‌ ٦١ ده‌نگ ده‌بێت.

پێناچێت له‌ دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی، كه‌ بڕیاره‌ رۆژی یەکی شوبات به‌رێوه‌بچێت سكرتێر و جێگره‌كانی هه‌ڵبژێردرێن، بڕیاره‌ ته‌نها ده‌نگ له‌سه‌ر هه‌مواری به‌شێك له‌ په‌یڕه‌وه‌كه‌ بدرێت كه‌ ته‌وافوقی له‌سه‌ره‌.