کوردستان

03:32 - 23/12/2018

ساڵح موسلیم بۆ په‌یسه‌ر: بانگه‌شه‌ى ئه‌مه‌ریكا بۆ كۆتایى داعش راست نییه‌‌

پەیسەر

ساڵح موسلیم، بەرپرسى پەیوەندیە دەرەكییەكانى پارتى یەكێتى دیموكراتى (پەیەدە) رایدەگەیه‌نێت بڕیارى دۆناڵد تره‌مپ، بۆ كشانه‌وه‌ له‌ سوریا بێ ئاگاداركردنه‌وه‌ى ده‌ورووبه‌رى خۆشى بووه‌و ده‌شڵێت، بانگه‌شه‌ى ئه‌مه‌ریكا بۆ كۆتایى داعش راست نییه‌و داعش له‌وپه‌ڕى هێزى خۆیدایه‌.

ساڵح موسلیم، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى تایبه‌تیدا له‌گه‌ڵ په‌یسه‌ر پرێس كه‌ ئه‌مشه‌و بڵاوده‌كرێته‌وه‌، باس له‌وه‌ده‌كات، سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا دەڵێت كۆتاییان بەداعش هێناوە، بەپێچەوانەوە شەڕی داعش لەو پەڕی گەرمی دایە. بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەدەست ئێمە دایە، تەنیا لە ناوچەی (هەجین) لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور چوار هەزار ئەندامی هەر بژاردە و شەڕكەری داعش ماون.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات، شه‌ڕكه‌ره‌ بیانیەكانی داعش ئەوانەی لە عێراق و شوێنەكانی دیكە هاتوون سەرپەرشتی شه‌ڕه‌كانى ئێستا دەكەن"كەواتە داعش كۆتایی پێنەهاتووە، بانگەشەی ئەمریكا كۆتایی بەداعش هاتوو راست نیە، پێمانوایە هێشتا ئەمریكا كۆتایی بەو رۆڵ و بەرپرسیاریەتیە نەهێناوە كە ئەركەكەی هەڵگرتووە". 

موسلیم ئه‌وه‌ش ده‌خاته‌ڕوو، هیچ پلانێك بۆ گەڕانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوا دانەڕژاوە. ئەمەش ئاماژەیە بە ناڕوونی بڕیاری كشانەوە. یەكەكانی ئەمریكا دەڵێن "لە ئێستادا ئێمە یەكسەر ناتوانین بگەڕێینەوە، بۆ ئامادەكردنی زەمینەی گەڕانەوە پێویستیمان بە كاتە".