کوردستان

03:28 - 25/01/2020

ئه‌و واده‌یه‌ی بۆ هه‌مواری په‌یڕه‌وی یه‌كێتی دیاریكرابوو كۆتایی هات‌

پەیسەر

ئه‌و واده‌یه‌ی بۆ ته‌واوكردنى كارى هه‌مواركردنى په‌یڕه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی دیاریكرابوو دوێنێ هه‌ینى كۆتایى هات، به‌پێی زانیارییه‌كان هه‌مواری په‌یڕه‌وه‌كه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌.

رۆژی ١٤-١-٢٠٢٠ ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی، یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی خۆی دوای كۆنگره‌ كرد، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌یه‌كی ٢٠ كه‌سی بۆ هه‌مواری په‌یڕه‌وه‌ی ناوخۆ پێكهێندرا، ماوه‌ی ١٠ رۆژی بۆ دیاریكرا بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كان ته‌واو بكات.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ په‌یسه‌ری راگه‌یاند، كاره‌كانی هه‌مواری په‌یڕه‌وی ناوخۆ ته‌واو نه‌بووه‌ بۆیه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی نه‌كرا كه‌ بڕیاربوو ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌بچێت. ده‌شڵێت ئه‌گه‌ر لیژنه‌ی هه‌مواری په‌یڕه‌وی ناوخۆ نه‌گاته‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكی ناكۆك، ئه‌وه‌ به‌شێك له‌هه‌مواره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی و له‌وێ ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت.

لای خۆیه‌وه‌ ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی یه‌كێتی به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، تا هه‌مواری په‌یره‌وی ناوخۆ ته‌واو نه‌بێت ناتوانن هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن،" چونكه‌ هه‌یكه‌لی یه‌كێتی و ده‌سه‌ڵاتی ئۆرگانه‌كان، له‌ هه‌مواری په‌یڕه‌وی ناوخۆ دیاری ده‌كرێت، دواتر له‌كۆبوونه‌وه‌ی گشتی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی په‌سه‌ند ده‌كرێت".