کوردستان

03:18 - 24/01/2020

پڕۆژه‌یه‌ك بۆ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق گفتوگۆى له‌سه‌ر ده‌كرێت‌

پەیسەر

له‌ ئێستادا بۆ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا، پڕۆژه‌یه‌ك پێشنیازكراوه‌ و حكومه‌تى عێراق و ئه‌مریكاش به‌ نیازن له‌سه‌ر گفتوگۆ بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌، تایبه‌ت به‌ په‌یسه‌ر زانیاریدا و رایگه‌یاند: پرۆژه‌یه‌ك له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكی باڵای عێراقه‌وه‌ ئاماده‌كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی كاری هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌عێراق به‌گفتوگۆ رێكبخرێته‌وه‌.

له‌باره‌ى پڕۆژه‌كه‌وه‌ گوتى: پڕۆژه‌كه‌ به‌ به‌جۆرێك كاره‌كانى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق رێكده‌خاته‌وه‌ و به‌ پێى پڕۆژه‌كه‌ش راوێژكارانی ئه‌مریكی له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی شه‌ری دژی داعش له‌ عێراق بمێننه‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو جوڵه‌ و ئه‌ركێكیان به‌ ئاگاداری حكومه‌تی به‌غداد بێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر ده‌شڵێت، به‌پێی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوكاری هاوبه‌ش پێكده‌هێندرێت و نوێنه‌ری هێزه‌كانی ئه‌مریكا و سوپای عێراق و ناتۆی تێدا ده‌بێت و بۆردومانی هه‌ر شوێنێكیش له‌سه‌رداوای حكومه‌تی عێراق ده‌بێت. هه‌روه‌ها به‌بێ ره‌زامه‌ندی به‌غداد هێزه‌كانی ئه‌مریكا مافی هیچ ئۆپه‌راسیۆنێكیان نیه‌ و بۆیان نیه‌ فرۆكه‌ی سه‌ربازی هه‌ڵبستێنن.

ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا و حكومه‌تى عێراق بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، ئه‌وا تا ساڵی 2025 رێگه‌ به‌مانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا ده‌دات و له‌دوای ئه‌وه‌ ده‌بێت نوێ بكرێته‌وه‌ یان كۆتایی پێ بهێندرێت.

به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس به‌رهه‌م ساڵح پشتیوانی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ده‌كات و ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش ئاماده‌یی ده‌ربڕیووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌فدێك ره‌وانه‌ی به‌غداد بكات به‌مه‌به‌ستی پێداچوونه‌وه‌ به‌ ئه‌ركه‌كانی سوپای ئه‌مریكا دوای تێكشكاندنی داعش.

له‌ماوه‌ی رابردوودا پرسی مانه‌وه‌ یان كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا بووه‌ جێگه‌ی گفتوگۆی جدی له‌عێراق، به‌تایبه‌تیش دوای كوژرانی قاسم سوله‌یمانی و ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا له‌ نزیك فرۆكه‌خانه‌ی به‌غداد. هه‌روه‌ها رۆژی 5 ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بریارێكی بۆ ده‌ركردنی هێزه‌بیانیه‌كان په‌سه‌ند كرد.