05:19 - 21/01/2020
مەسرور بارزانی لەرێی قوباد تاڵەبانییەوە پەیامێك ئاڕاستەی یەكێتی دەكات
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەیەوێت پەلە بكرێت لە دانانی كاندیدەكان بۆ پۆستە چۆڵەكانی كابینەكەی و لەو روەشەوە، پەیامێكی ئاڕاستەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانی كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی پەیسەر، لەبارەی پڕكردنەوەی پۆستەكانی بریكاری وەزیرو بەڕێوەبەر گشتییەكان مەسرور بارزانی لە رێگەی قوباد تاڵەبانی جێگرییەوە، پەیامێكی ئاڕاستەی یەكێتی كردووە، بۆ ئەوەی كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی پشكی ئەون پێشكەش بكات.
پێشتر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی داوای لە پارتی دیموكراتی كوردستان كردبوو، بە بیانووی ئەوەی كۆنگرەی حیزبەكەی لەپێشە ناتوانێت كاندیدەكان ئامادە بكات و داوای دواخستنی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان كردبوو.
بەشێكی ئامادەنەبوونی ناوی كاندیدەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی بریكار وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی یەكێتی، بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حیزبەوە هەبوو لە رابردوودا.