کوردستان

12:17 - 23/12/2018

وه‌زیرى دارایى بۆ گۆڕینى پشكى كورد پێشنیار بۆ په‌رله‌مانى عێراق ده‌نێرێت‌

پەیسەر

فواد حسێن وه‌زیرى دارایى عێراق، دوو پێشنیارى له‌ ده‌ره‌وه‌ى پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان كردووه‌، بۆ ده‌ستكاریكردنى پشكى كورد، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت، ماده‌م وه‌ك پێشنیار ره‌وانه‌كراوه‌ كارى له‌سه‌ر ناكرێت، به‌ڵكو ده‌بوو وه‌زیرى دارایى له‌ناو پرۆژه‌كه‌دا ده‌ستكارى پشكى كورد بكات و بڕیار بدات نه‌ك پێشنیار.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، وه‌زیرى درایى له‌ ده‌ره‌وه‌ى پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ دوو پێشنیارى دیكه‌ى ئاراسته‌ى لیژنه‌ى درایى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كردووه‌، به‌پێى پێشنیاره‌كه‌ش سه‌دا ١٢.٦٧ بگۆڕێت به‌ جۆرێك، خه‌رجییه‌ سیادییه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێم كه‌م بكرێته‌وه‌ پشكى هه‌رێم له‌ نۆ ترلیۆنه‌وه‌ بۆ ١١ ترلیۆن زیاد بكات.

هه‌روه‌ها به‌ێى پێشنیارێكى دیكه‌، حكومه‌تى عێراق مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه‌ى هه‌رێمى كوردستان بكات، كه‌ ژماره‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم له‌ به‌غدا نزیكه‌ى ٦٥٠ هه‌زار فه‌رمانبه‌ره‌، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان نه‌وت راده‌ست نه‌كات و به‌ فرۆشتنى نه‌وته‌كه‌ى خه‌رجى و مووچه‌ى خۆى ته‌واو بكات.

غالب محه‌مه‌د، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، به‌ په‌یسه‌رپرێسى راگه‌یاند، وه‌زیرى دارایى كه‌پۆستى وه‌زیرى پلاندانانیشى لایه‌، ده‌یتوانى خۆى ده‌ستكارى ناوه‌رۆكى پرۆژه‌ یاساى بودجه‌ بكات، به‌ڵام كه‌ ده‌ستكارى نه‌كردووه‌ پێشنیارى ناردووه‌، پێشنیاریش له‌ په‌رله‌مان گوێى لێناگیرێت، چونكه‌ وه‌زیرى دارایى سه‌دا ١٢.٦٧ی جێگیرکردووە لە پرۆژە یاساکە.