کوردستان

09:55 - 19/01/2020

سه‌ركرده‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی یاسا: به‌ دڵنياییه‌وه‌ بێ كورد ده‌ستوور هه‌موار ناكرێ‌

پەیسەر


سه‌عد مه‌تڵه‌بی سه‌ركرده‌ له‌ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ لێدوانێكدا بۆ په‌یسه‌ر پرێس رایده‌گه‌یه‌نێت، هاوپه‌یمانی كورد و شیعه‌ كۆتایی نه‌هاتووه‌، چونكه‌ به‌گوته‌ى ئه‌و، هاوپه‌یمانییه‌كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای "مه‌زڵومیه‌ت" بونیاد نراوه‌، تائێستاش ئه‌و مه‌زڵومیه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌ و مافی گه‌لی كورد و گه‌لی شیعه‌ تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ به‌دی نه‌هاتووه‌، بۆیه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و ئه‌وه‌ راست نیه‌، كه‌ ده‌ڵێن هاوپه‌یمانیه‌تی كورد وشیعه‌ كۆتایی هاتووه‌.

ده‌ستوور بێ كورد هه‌موار ناكرێت

مه‌تڵه‌بی سه‌باره‌ت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوور ده‌ڵێت:"به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ر هه‌موارێكی ده‌ستور ناكرێت به‌بێ ره‌زامه‌ندی كورد ئه‌نجام بدرێت، له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكار به‌بێ ره‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی له‌ماده‌ی ١٤٢ ی ده‌ستوردا هاتووه‌، كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌مواری ده‌ستوور و مافی ڤیتۆی به‌ هه‌رێم داوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش پێویسته‌ كورد وه‌ك به‌شێك له‌ده‌وڵه‌تی عێراق بمێنێته‌وه‌ پشتگوێخستنی برایانی كورد له‌ هه‌مواری ده‌ستووردا به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی دابه‌شبوونی عێراق، و كورد له‌ سیستمی حوكمڕانی عێراق دوورده‌كه‌وێته‌وه‌ بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌هه‌ر هه‌موارێكدا بۆچوونی كورد وه‌رده‌گیردرێت، كه‌ پێكهاته‌ی دووه‌می عێراقه‌، بۆیه‌ من به‌دووری ده‌زانم ده‌ستور به‌بێ بوونی رۆڵی كاریگه‌ری كورد، هه‌موار بكرێته‌وه‌".

دیراسه‌ی بڕیاری كشاندنه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكامان كرد

سه‌عد مه‌تڵه‌بی ئه‌گه‌رچى ده‌ڵێت، په‌شیمان نین له‌ بڕیارى ده‌ركردنى ئه‌مریكییه‌كان، به‌ڵام دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ بڕیاره‌كه‌ دیراسه‌ت نه‌كراو بووه‌:"پرسی ده‌ركردنی سوپای ئه‌مریكا پرسێكی ئاڵۆزه‌ و پێویستی به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاتر هه‌یه‌، عێراق تا ئێستا پێویستی به‌ راوێژكاری بیانی هه‌یه‌، به‌ڵام پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایه‌ عێراق پێویستی به‌ شه‌ڕكه‌ری بیانی هه‌یه‌؟ یان نا؟ پێم وایه‌ هه‌موو كوتله‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ عێراق پێویستی به‌ شه‌ڕكه‌ری بیانی نییه‌، شه‌ڕكه‌رانی عێراق له‌ سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كارووباری ئه‌منی به‌رێوه‌به‌رن، به‌ڵام عێراق پێویستی به‌ راهێنه‌ران و راوێژكاران و په‌یوه‌ندی به‌هێزی نێوان عێراق و ناتۆ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی ده‌گوترێت شیعه‌كان له‌ده‌ركردنی سوپای ئه‌مریكا پاشگه‌زبوونه‌وه‌ ئه‌وه‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌یه‌ بۆ بوونی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و توركیا له‌ سه‌ر خاكی عێراق".

پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌

به‌گوته‌ى سه‌عد مه‌تڵه‌بى، به‌ره‌وپێش چوون له‌ پرسی دیاریكردنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران هه‌یه‌،"پێم وایه‌ هه‌فته‌ی داهاتوو رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ یان دووشه‌ممه‌، كاره‌كان به‌ ئاڕاسته‌یه‌كی راستدا ده‌رۆن و كه‌سێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران دیاری ده‌كرێت".