کوردستان

06:02 - 19/01/2020

پارتى داوایه‌كى یه‌كێتى ره‌تده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر

دواى ئه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌ شێوازێكى ته‌مومژ له‌ زیندان گیانى له‌ده‌ستدا و كاردانه‌وه‌ى لێكه‌وته‌وه‌، یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان داواى كۆبوونه‌وه‌ى دوو قۆڵى له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چۆنێتى گیانله‌ده‌ستدانى ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ كرد، به‌ڵام پارتى ره‌تیكرده‌وه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌رپرێس، یه‌كێتى داوای له‌ پارتی كردووه‌ له‌سه‌ر گیانله‌ده‌ستدانی مه‌جید ئیبراهیم هه‌رووتی، كه‌ رۆژی 16ی ئه‌م مانگه‌ له‌زیندانی ئاسایشی هه‌ولێر گیانی له‌ده‌ستدا كۆببنه‌وه‌.

ئامانجى كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ له‌سه‌ر داواى یه‌كێتى بووه‌، بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ به‌ڵگه‌كانی پزیشكی دادوه‌ری بخه‌نه‌روو، هه‌روه‌ها سنورێكیش بۆ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ئه‌و ره‌فتارانه‌ دابنرێت.

زانیارییه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن، كه‌ پارتی كۆبونه‌وه‌ی دووقۆڵی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ره‌تكردۆته‌وه‌ و رایگه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌ حكومه‌ته‌وه‌ هه‌یه‌ و یه‌كێتیش له‌ حكومه‌ت به‌شداره‌ بۆیه‌ ده‌كرێت داوای روونكردنه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت بكه‌ن.

له‌ وه‌ڵامى داواكه‌ى یه‌كێتیدا، پارتی ئه‌وه‌شى رایگه‌یاندووه‌، گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ هیچ په‌یوه‌ندی به‌ ئه‌وانه‌وه‌ نیه‌، بۆیه‌ لێی به‌رپرسیار نین، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك متمانه‌یان به‌ بێلایه‌نی ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی هه‌رێم هه‌بێت.


به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس به‌هۆی بێ ئومێدبوونی یه‌كێتی له‌ كۆبونه‌وه‌ی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ پارتی، پێده‌چێت له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا یه‌كێتی راپۆرتی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌رباره‌ی گیان له‌ده‌ستدانی ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ بۆ رایگشتی بڵاوبكاته‌وه‌.