کوردستان

08:15 - 22/12/2018

په‌یسه‌ر هه‌ڵوێستى گۆڕان بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی ده‌باشان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ئاشكراده‌كات‌

پەیسەر


یه‌كێتی پرۆژه‌یه‌كی بۆ كاری هاوبه‌ش، ئاراسته‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كردووه‌و به‌پێی پرۆژه‌كه‌ش رێككه‌وتننامه‌ی ده‌باشانى نێوانیان زیندوو، یان هه‌مواربكرێته‌وه‌.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ئه‌ندامێكى جڤاتى نیشتمانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان دراوه‌ به‌په‌یسه‌ر پرێس، له‌كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى شه‌ممه‌ى جڤاتى نیشتمانى باسى ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ى یه‌كێتى نیشتمانى كراوه‌.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان، راى زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى جڤاتى نیشتمانى له‌سه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى یه‌كێتى "نه‌رێنى" بووه‌، به‌وه‌ى پێشینه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و حیزبه‌ هه‌یه‌، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌و رێككه‌وتننانه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى له‌رابردوو واژوویان كردووه‌، جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر پرێس ئاشكراشیكرد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى راى زۆرینه‌ى ئه‌ندامانى جڤات "نه‌رێنى" بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش به‌ته‌واوى ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ ره‌تنه‌كراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام بۆ جێبه‌جێكردنى مه‌رجێك خراوه‌تڕوو.

هه‌روه‌ها سه‌رچاوه‌كه‌ ئاشكراشیكرد، كه‌ مه‌رجه‌كه‌ى گۆڕان ئه‌وه‌یه‌، یه‌كێتى وه‌ك پیشاندانى نیازپاكى، ئه‌و رێككه‌وتننانه‌ى پێشتر له‌گه‌ڵ گۆڕان هه‌یبووه‌، هه‌مووى یان به‌شێكى جێبه‌جێبكات، ئه‌وكات ئه‌وانیش به‌ده‌م ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌وه‌ ده‌چن.

پێشتر رێككه‌وتنامه‌ی ده‌باشان به‌ ئاماده‌بوونی، نه‌وشیروان مسته‌فا و مام جه‌لال له‌نێوان گۆڕان‌و یه‌كێتى واژووكرا، به‌پێی به‌شێكی رێككه‌وتنه‌كه‌ ده‌بوو ئه‌و دوو لایه‌نه‌ سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌ش‌و فراكسیۆنی هاوبه‌شیان هه‌بێت و كاربكه‌ن بۆ چه‌سپاندنی سیسته‌می په‌رله‌مانی و شه‌فافییه‌تی داهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام به‌هۆی جێبه‌جێنه‌كردنییه‌وه‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌ له‌لایه‌ن جڤاتی نیشتیمانی گۆڕانه‌وه‌ هه‌ڵپه‌سێردرا.