کوردستان

04:41 - 15/01/2020

باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق چه‌ند په‌یامێكى به‌ یه‌كێتى گه‌یاندووه‌‌

پەیسەر


دوێنێ ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له‌ عێراق سه‌ردانی شاری سلێمانی كرد و له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى یه‌كێتی كۆبووەوه‌، به‌پێی زانیاریه‌كانی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، مه‌سجدی بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێك سه‌ردانی شاری سلێمانی كردووه‌.

به‌شێكى ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى مه‌سجدى گه‌یاندنى په‌یامى ئێران بووه‌ سه‌باره‌ت به‌ كۆنگره‌ى یه‌كێتى، نیگه‌رانى تارانیشى له‌ به‌شدارینه‌كردنى فراكسیۆنى سه‌وز له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ ده‌ركردنى هێزه‌ بیانییه‌كان به‌ یه‌كێتى گه‌یاندووه‌. 

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت داوای روونكردنه‌وه‌ی له‌به‌رپرسانی یه‌كێتی كردووه‌، سه‌باره‌ت به‌ هاتنی هێزی ئه‌مریكی بۆ سلێمانى، كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێی راگه‌یاندووه‌ ئه‌مریكا ژماره‌یه‌ك راوێژكار ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كات كه‌ ئه‌ركیان مه‌شق و راهێنان ده‌بێت به‌هێزی پێشمه‌رگه‌، نه‌ك شه‌ڕ كردن.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سجدى باسى له‌وه‌كردووه‌ به‌م زووانه‌ ئیسماعیل قائانى شوێنگره‌وه‌ى قاسم سوله‌یمانى، سه‌ردانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و له‌گه‌ڵیان كۆده‌بێته‌وه‌، باس له‌سه‌ردانه‌كه‌ى قائانیش كراوه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌. 

مه‌سجدى هه‌روه‌ها باسى له‌ كردنه‌وه‌ی پێشانگایه‌كی به‌رهه‌مه‌ ئێرانییه‌كانی له‌ پێشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تی له‌ سلێمانى كردووه‌. رۆژی سێشه‌ممه‌ ئیره‌ج مه‌سجدی باڵیۆزی ئێران له‌عێراق، سه‌ردانی شاری سلێمانی كرد و له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی كۆبووه‌وه‌.