کوردستان

06:23 - 22/12/2018

پۆستی وەزیری داد یەكێتی ده‌كات بەدوو بەشەوە‌

پەیسەر

بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان داوادەكەن حزبەكەیان دەستبەرداری پۆستی وەزیری داد بێت، بەڵام بەشێكی دیكەیان پێیان باشە سوربن لەسەر وەرگرتنی.

 
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە، بەشێك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوایان لە كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی كردووە حزبەكەیان دەستبەرداری پۆستی وەزیری دادی حكومەتی فیدراڵی بێت، چونكە پێداگری یەكێتی لەسەر ئەو پۆستە زیان بەپێگەی حزبەكەیان لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەگەیەنێت.

ئەو ئەندامانانەی مەكتەبی سیاسی پێشیان وایە كە ئەگەر یەكێتی دەستبەرداری وەزیری دادی عێراق بێت، دەتوانێت پۆستی زیاتر لەهەرێم وەربگرێت.

هەروەها ئەو ئەندامانەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیانگەیاندووە: وەرگرتنی پۆستی وەزیری دادی عێراق كارێكی زۆر قورسە و رەنگە لەتوانای یەكێتیدا نەبێت.

لەبەرامبەردا ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پێیان باشە بەردەوام بن لە هەوڵەكانیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و ئامادەش بن تەنانەت لە پرۆسەی سیاسی عێراق بكشێنەوە ئەگەر بەغداد وەڵامی داواكاریەكەیان نەداوە، بە بیانوی ئەوەی ئەو هەنگاوە هەژمونی پارتی لەبەغداد بەهێزتر دەكات و نابێت رێگە بەو كارە بدرێت و پێشیان باشە یەكێتی شەڕی زۆرتری بۆ بكات.