کوردستان

05:37 - 22/12/2018

گۆڕان سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردنى حكومه‌ت یاخود ئۆپۆزسیۆنبوون بڕیاریدا‌

پەیسەر

جڤاتى نیشتیمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردنى حكومه‌ت یاخود بوونه‌ ئۆپۆزسیۆن، ده‌سه‌ڵاتى دایه‌ لیژنه‌ى دانوستانكارى بزوتنه‌وه‌كه‌ بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بدات، له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى ده‌یكات.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتوون، جڤاتى نیشتیمانى گۆڕان له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆیدا بڕیاریداوه‌ بابه‌تى چوونه‌ حكومه‌ت، یاخود بوون به‌ ئۆپۆزسیۆن، به‌ لیژنه‌ى دانوستانكارى بزوتنه‌وه‌كه‌ بسپێرێت، به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر لیژنه‌كه‌ گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ى له‌ به‌رنامه‌ى حكومه‌ت به‌رنامه‌ى سیاسى گۆڕان جێى ده‌كرێته‌وه‌ بڕیارى به‌شدارى بدات.

لیژنه‌ى دانوستانكارى گۆڕان بۆ به‌شدارى له‌ حكومه‌ت، به‌پێى ئه‌و گفتوگۆیانه‌ى ده‌یكات له‌گه‌ڵ پارتى بڕیارى چوونه‌ حكومه‌ت، یاخود كشانه‌وه‌ له‌ گفتوگۆكان و بڕیارى ئۆپۆزسیۆنبوون ده‌دات.

بڕیاره‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ لیژنه‌یه‌ى دانوستانكارى گۆڕان، له‌گه‌ڵ پارتى كۆببنه‌وه‌و باس له‌ ورده‌كارى پێكهێنانى كابینه‌ى نۆى حكومه‌ت و دابه‌شكردنى پۆسته‌كان بكه‌ن، هه‌ر ئه‌م هه‌فته‌یه‌ جارێكى دیكه‌ شاندى یه‌كێتى و پارتى له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت كۆده‌بنه‌وه‌.