کوردستان

01:01 - 09/01/2020

په‌یسه‌ر هه‌ڵوێستی لایه‌نه‌كانی عێراق به‌رامبه‌ر ده‌ستپێشخه‌ریه‌كه‌ی بارزانی ئاشكرا ده‌كات‌

پەیسەر

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ره‌وشی عێراق و كێشه‌كانی ئه‌مریكا و ئێران له‌لایه‌ك و دانانی سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێی عێراق له‌لایه‌كی تره‌وه، مەسعود بارزانی دەستپێشخەرییەكی بۆ لایەنە سیاسییەكانی عێراق كردبوو تا لەهەولێر كۆبوونەوەی لوتكە ئەنجامبدرێت، پەیسەریش هەڵوێستی لایەنەكان ئاشكرا دەكات.

به‌پێی زانیارییەكانیی په‌یسه‌ر، زۆرینه‌ی لایه‌نه‌شیعیه‌كان ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانیان بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌ هه‌ولێر ره‌تكردۆته‌وه‌. ته‌نها عه‌مار حه‌كیم سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ داواكاریه‌كه‌ی په‌سه‌ندكردووه‌.

بەپێی وەڵامی لایەنە شیعەكان بێت كە بۆ دەستپێشخەرییەكەی بارزانیان كردووە، ئەو لایەنانە كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌ییان پێ باشه‌، به‌ڵام له‌ به‌غداد یان نه‌جه‌ف بێت نه‌ك له‌ هه‌ولێر.

پێشتر پەیسەر بڵاویكردەوە كە فواد حوسێن له‌ به‌غداد لۆبی بۆ ئه‌و كۆبونه‌وە لوتكه‌یه كردبوو‌  و باره‌گای بارزانیش په‌یوه‌ندی به‌چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كه‌وه‌ كردبوو.

لایەنە شیعەكان داوایانكردووه‌ كورد بچێت بۆ به‌غداد نه‌ك ئه‌وان بێن بۆ هه‌رێم، هه‌روه‌ها گومان ده‌كه‌ن ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌ له‌سه‌ر داوای ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بێت و ئامانج لێی دورخستنه‌وه‌ی شیعه‌كانی عێراق بێت له‌ ئێران له‌ژێر ناوی هاوسه‌نگی.