کوردستان

03:35 - 22/12/2018

پارتی لە دواین كۆبوونەوەیدا داوایەكی یەكێتی رەتدەكاتەوە‌

پەیسەر

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان داوای ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌‌پرسی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و پارێزگاری كەركوك و وەزیری داد یه‌ك پاكێج بێت بۆ گفتوگۆ، بەڵام پارتی رەتیكردوەتەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی تایبەتەوە دەستی كەوتووە، لەكۆبونەوەی رۆژی سێشەممەی رابردوو وەفدی دانوستانكاری پارتی لەگەڵ وەفدی یەكێتیدا، وەفدەكەی یەكێتی رایانگەیاندووە پرسی پارێزگاری داهاتووی شاری كەركوك و وەزیری دادی حكومەتی فیدراڵی و پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم یەك پاكێجە و بەیەكەوە گفتوگۆی لەسەر دەكەن.

بە پێی زانیاریەكان هەر لەو كۆبوونەوەدا یەكێتی داوا و پێشنیارەكانی خۆی لەسەر ئەو پرسانە خستوەتە بەردەست وەفدەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە، لە كۆبوونەوەكەدا وەفدەكەی پارتی رایانگەیاندووە ئەوان لەلایەن مەكتەبی سیاسی حزبەكەیانەوە تەنها وەك وەفدی دانوستانكاری پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم دەسنیشان كراون و دەسەڵاتی ئەوەیان نیە گفتوگۆ لەسەر كابینەی حكومەتی عێراق یان پارێزگاری كەركوك بكەن.

سەرچاوەكە هەروەها گوتی: وەفدەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشنیاری ئەوەیان خستۆتە بەردەم مەكتەبی سیاسی یەكێتی، كە وەفدێك رەوانەی هەولێر بكەن بەمەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ مەكتەبی  سیاسی پارتی لەسەر پرسی وەزیری داد و پارێزگاری كەركوك.

بەپێی زانیاریەكانی پەیسەرپرێس یەكێتی پێشنیارەكەیان رەتكردۆتەوە و رایانگەیاندووە، بۆ پرسی وەزیری داد لە پارتی بێ ئومێدبوون و جارێكی تر لەسەر ئەو پرسە وەفد رەوانەی لای ئەو حزبە ناكەنەوە.