کوردستان

04:18 - 07/01/2020

له‌ دوو كۆبوونه‌وه‌دا به‌ڵێنه‌كانى ئه‌مریكا بۆ كورد تاوتوێده‌كرێت‌

پەیسەر

بڕیاره‌ سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌، دوو كۆبوونه‌وه‌ى گرنگ له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامبدرێت و تیایدا پرسی كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا و به‌ڵێنه‌كانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بۆ هه‌رێم ده‌خرێنه‌روو.

دوو كۆبونه‌وه‌كه‌ كه‌ یه‌كه‌میان كۆبوونه‌وه‌ى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێمه‌ و كۆبوونه‌وه‌ى دووه‌میش  له‌نێوان سه‌ركرده‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت.

به‌پێى ئه‌و زانیاریانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌رپرێس كه‌وتووه‌، كۆبوونه‌وه‌ى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ به‌سه‌رپه‌رشتی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌رێوه‌ده‌چێت و پرسی كشانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا و په‌یامی مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه‌ دراوه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند به‌ڵێنێكى بۆ كورد تێدایه‌، گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا په‌یامه‌كه‌ی شه‌وی رابردووی عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، كه‌ ئاراسته‌ی مه‌سعود بارزانی كرد ده‌خرێته‌ به‌رده‌م به‌شداربوانی كۆبونه‌وه‌كه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا پرسی هاتنی كۆمپانیا ئه‌مریكیه‌كان بۆ كوردستان تاوتوێ ده‌كرێت، هه‌روه‌ها پرسی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌دوای كشانه‌وه‌ی به‌شێك له‌چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی ته‌وه‌رێكی تری كۆبونه‌وه‌كه‌ ده‌بێت.