01:12 - 22/12/2018
گۆڕان داوای گرهنتی له پارتی دهكات
لەناو بزووتنەوەی گۆڕان گومان لەجێبەجێكردنی پاكێجەكانی چاكسازی لەحكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان دەكرێتو بۆ ئەوەش داوای گرەنتی لەپارتی دیموكرات دەكرێت.
چوار شەممەی رابردوو كۆبوونەوەی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێم بەرێوەچوو، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست پەیسەر پرێس كەوتووە، لەكۆبوونەوەكە هاوڕاییەكی زۆر هەبووە لەنێوان شاندی هەردوو حیزب بۆ چاكسازیكردن لەدامەزراوەكانی هەرێم.
هەر بەپێی زانیارییەكان لەو كۆبوونەوەیە، شاندی گۆڕان چەند پاكێجێكی چاكسازی خستووەتە بەردەم شاندی پارتی، كە خۆی لەپاكێجەكانی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان دەبینێتەوە بۆ چاكسازی، بەتایبەت گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی هەرێمو بەنیشتمانیكردنی هێزی پێشمەرگەو سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریو نەهێشتنی پاشەكەوتی موچەو باشكردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە شاندی پارتی لارییان نەبووە لەپاكێجەكانی چاكسازی گۆڕانو ئەوانیش جەختیان لەوە كردووەتەوە، كە كار بۆ ئەوە دەكەن لەكابینەی داهاتوو دەست بەجێبەجێكردنی دەكەن.
پەیسەر پرێس ئەوەشی زانیوە، هەرچەندە شاندی پارتی لاری نەبوونی خۆی لەوە نیشانداوە، پاكێجەكانی چاكسازی لەكابینەی داهاتوو جێبەجێدەكەن، بەڵام لەناو جڤاتی نیشتمانی گۆڕان گومانی ئەوە دروست بووە، پاكێجەكان جێبەجێنەكرێت، وەك ئەوەی چۆن لەكابینەی رابردوو جێبەجێنەكرا.
لەو بارەوە ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بۆ پەیسەر پرێس وتی: هەمیشە لەكۆبوونەوەكان باس لەوە دەكرێت داواكارییەكان جێبەجێدەكرێت، بەڵام دواتر هیچ هەنگاوێكی كارەكی بۆ جێبەجێكردنی نانرێت.
ئەندامەكەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان گوتیشی: ئەوە گومانی لەناو جڤاتی نیشتمانی دروستكردووەو بۆ ئەوەش جڤاتەكە داوای گەرەنتی جێبەجێكردنی ئەو پاكێجانە دەكاتو بۆ ئەوەش دەبێت شاندی دانوستانكاری بزووتنەكە، گەرەنتی تەواو لەشاندی پارتی لەكاتی گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت وەربگرێت.
گۆڕان لەكابینەی رابردوو بەشداری لەحكومەت كردو مەرجی بەشداریكردنی لەو كابینەش، جێبەجێكردنی پاكێجەكانی چاكسازی بوو لەدامەزراوەی هەرێم، بەڵام ئەو پاكێجانە جێبەجێنەكراونو بەو بەهۆیەشەوە كێشە لەنێوان پارتیو ئەو بزووتنەوە دروست بوو، تا ئەوەی گۆڕان بەناچاری لەحكومەتی هەرێم كشایەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە لە سەعات (10:00)ی ئەمڕۆ شەممە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بەسەرپەرشتی عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتی دەستیپێكردووە، كە كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێكردنی دوو تەوەرە، كە بریتین لە پرسی بەشداری ل كابینەی نوێی حكومەتو كۆنفڕانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان.
میدیای گۆڕان بڵاویكردووەتەوە، لەكۆبوونەوەكەدا لەبارەی تەوەری یەكەم میكانیزم بۆ چۆنییەتی بەشداریكردن لەكابینەی نوێ دادەنرێت، بۆ ئەو مەبەستە ئەگەری زۆرە جڤاتی نیشتمانی دەسەڵات بدات بەلیژنەی دانوستانكاری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ تاوتوێكردنی پرسی بەشداریكردن، یان نەكردن لە كابینەی نوێ، ئەمەش بەرەنجامی خوێندنەوەی هەلومەرجەكان و جێبەجێكردنی بەشێك لەبەرنامەی سیاسی گۆڕان لە كابینەی نۆیەمدا.