کوردستان

11:18 - 28/12/2019

بینا، سه‌باره‌ت به‌ سه‌رۆك كۆمار داوایه‌كى له‌ پارتى كردووه‌‌

پەیسەر


هاوپه‌یمانى بینا، داواى له‌پارتى دیموكراتى كوردستان كردووه‌ پشتیوانییان بكه‌ن بۆ لابردنى به‌رهه‌م ساڵح له‌ پۆسته‌كه‌ى، به‌رهه‌م ساڵحیش په‌یوه‌ندى به‌ نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ ده‌كات و له‌ "مه‌ترسییه‌كان"ى ئه‌و هه‌نگاوه‌ ئاگادارى ده‌كاته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس هاوپه‌یمانى بینا به‌فه‌رمى داواى له‌ پارتى دیموكراتى كوردستان كردووه‌، هاوكاریان بن بۆئه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌ پۆسته‌كه‌ى لابه‌رن، هاوپه‌یمانى بینا پێشنیاریان كردووه‌ فواد حسێن وه‌زیرى دارایى كاندید بكرێت بۆ جێگره‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، دواى ئه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح به‌وه‌ى زانیوه‌ په‌یوه‌ندى كردووه‌ به‌ نێچیرڤان بارزانییه‌وه‌ پێى راگه‌یاندووه‌، كه‌ یه‌كریزى نێوماڵى كورد له‌م قۆناغه‌دا گرنگه‌ و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى فراكسیۆنى بینا ده‌ینێت، مه‌ترسین بۆ یه‌كڕیزى كورد. زانیاری هەیە کە پارتی گوتویەتی ئەگەر لایەنە شیعەکان سوربن لەسەر گۆڕینی بەرهەم ساڵح، کاندیدی ئەوان فواد حسێنە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی پشتیوانی پارتی بۆ بەرهەم ساڵح راگەیاندووە.

نێچیرڤان بارزانى وه‌ڵامى به‌رهه‌م ساڵحى داوه‌ته‌وه‌و گوتویه‌تى، یه‌كڕیزى كورد له‌به‌غدا تێكناچێت و ئه‌وان وه‌ك پارتى پشتیوانى به‌رهه‌م ساڵح ده‌كه‌ن، دواتریش به‌یانى ئه‌مڕۆ  بۆ دڵنیایى سه‌رۆك كۆمار له‌ نیه‌تى پارتى، نێچیرڤان بارزانى راگه‌یه‌ندراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و پشتیوانى خۆى بۆ به‌رهه‌م ساڵح ده‌ربڕیوه‌.