کوردستان

04:29 - 22/12/2019

رێنماییه‌كانى كۆمسیۆن چه‌ندین فه‌رمانده‌ له‌ كۆنگره‌ى یه‌كێتى دوورده‌خاته‌وه‌‌

پەیسەر


١٠٠ كاندیدى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى له‌ كۆنگره‌ى ئه‌و حزبه‌ كشانه‌وه‌، رێنماییه‌كانى كۆمسیۆن زۆربه‌یانى ناچاركردووه‌، یان پۆسته‌ سه‌ربازییه‌كان هه‌ڵبژێرن یاخود به‌رپرسیارێتییه‌ حزبییه‌كانیان، چه‌ند كاندیدێكى دیكه‌ش ئه‌و كێشه‌یان هه‌یه‌ و ده‌بێت ئه‌مشه‌و خۆیان یه‌كلایى بكه‌نه‌وه‌. 

به‌پێى زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر پرێس، ئێستا ٤٠٠ كاندید ماون بۆ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى، به‌شێك له‌وانه‌ تائێستا خۆیان یه‌كلایى نه‌كردووه‌ته‌وه‌، پۆسته‌ حزبییه‌كانیان هه‌ڵبژێرن یاخود پۆسته‌ ئه‌منییه‌كانیان، لاهور شێخ جه‌نگى و شۆڕش ئیسماعیل له‌و كه‌سانه‌ن كه‌ ئه‌و گرفته‌یان هه‌یه‌ و تائێستا خۆیان ساغ نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

ئه‌ندامانى كۆنگره‌ ده‌توانن ده‌نگ به‌ ١١٨كاندید بده‌ن، نابێت كه‌متر له‌ ٦٠ ده‌نگ بده‌ن، مه‌رجه‌ كاندید له‌په‌ناى مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ى خۆیدا ده‌نگ به‌ كاندیدى ناوچه‌كانى دیكه‌ش بدات. 

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، له‌سه‌ر داواى به‌رهه‌م ساڵح بڕگه‌ى تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكى یه‌كێتى، به‌وجۆره‌ داڕێژراوه‌ كه‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى گشتى سه‌رۆك هه‌ڵده‌بژێرن. هه‌رخۆشیان ده‌توانن لاى به‌رن و بیگۆڕن.

به‌پێى ئه‌و بڕگه‌یه‌ به‌رهه‌م ساڵح كاندیدى هه‌ر باڵێك بێت، ده‌بێت ئەو باڵە سه‌رووى ٦٠ دەنگی کۆنگرەی هێنابێت.