کوردستان

04:14 - 20/12/2018

توركیا: چەكدارە كوردەكان لە خەندەقەكانی خۆیان دەنێژین‌

پەیسەر

وەكو یەكەمین كاردانەوەی حكومەتی توركیا لە دوای بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا وەزیری بەرگری توركیا هەڕەشەی لە ناوبردنی كوردەكان دەكات.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی(ئەلعەرەبییە) ئەمرۆ وەزیری بەرگری توركیا خڵوسی ئاكار بە ئاژانسەكانی هەواڵی ڕاگەیاندووە" لەكاتێكی گونجاودا كوردە چەكدارەكان لە خەندەقەكانی خۆیان دەیاننێژین."
گووتیشی" ئێستا مونبج و خۆرهەڵاتی فوراتمان لە بەردەممانە ئێمەش بە شێوەیەكی چڕ ئیش لەسەر ئەو ناوچانە دەكەین. لە كەمترین ماوەیشدا هێرش دەكەینە سەر یەكینەكانی پاراستنی گەل(یەپەگە).
بەپێى ئەو لێدوانانەى کە میدیاکانى ئەمریکا لە وەزارەتى بەرگرى ئەمریکایان گواستووەتەوە، ئەمریکا ئامادەکارى دەکات بۆ کشاندنەوەى هەموو هێزەکانى لە سوریا.
سى بى ئێس بڵاویکردووەتەوە کە زانیارى دەستکەوتووە کۆشکى سپى فەرمانى بە پنتاگۆن کردووە کە "دەستبکات بە پلاندانان بۆ کشاندنەوەى خێراى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا."
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە کە داعش لە سوریا تێکشکاوەو ئەوەش "تەنه هۆکارێک بووە بۆ بوونى هێزەکانیان لەوێ".
نزیکەى دوو هەزار سەربازى ئەمریکا یارمەتیدەربوون لە زۆرێک لە ئۆپەراسیۆنەکانى باکوورى ڕۆژهەڵاتى سوریا بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەى داعش، بەڵام هێشتا بەشێکى زۆر لەوهێزانە لە سوریا ماونەتەوە.
لەپێشوودا بڕوا وابوو کە ئەمریکا لە سوریا دەمێنێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەگەرى سەرهەڵدانەوەى هەر گروپێکى توندڕەو لەو وڵاتە.
چەند ڕۆژێک لەمەوبەر برێت مەکگۆرک، نێردەى تایبەتى ئەمریکا بۆ هاوپەیمانێتى تێکشکاندنى داعش ڕایگەیاند "هیچ کەسێک ناڵێت کە داعش بەرەو کۆتایى دەچێت. هیچ کەسێک ئەوەندە نەزان نییە. لەبەرئەوە ئێمە دەمانەوێت هێزە زەمینییەکانمان بمێننەوەو دڵنیابین لەوەى سەقامگیرى لەو ناوچانە بەدى بهێنرێن."
بەڵام ئەو بڕیارە لەکاتێکدا دێت کە تورکیا ئامادەکارى دەکات بۆ ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنێک لە دژى هێزە کوردییەکان لە باکوورى سوریا، و یەکێک لەو بابەتانەش مەترسى ڕووبەڕووبوونەوەى ئەمریکا و تورکیایە.
ڕۆژى دووشەممە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕایگەیاندنى ئەو ئۆپەراسیۆنەى لەدژى یەپەگە لە سوریا ڕایگەیاند، هەروەها وتیشى لەگەڵ ترەمپ ئەو پلانەیان تاوتوێ کردووە و "وەڵامى ئیجابى" بووە. دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتاى ئەمساڵیشدا بەڵێنى ئەوەیدابوو کە هێزەکانى ئەمریکا "زۆر بەزوویى" لە سوریا دەکشێنەوە. تاوەکو ئێستا پنتاگۆن ئەمادەنەبووە لەبارەى ئەم بابەتەوە لێدوان بدات.
لای خۆیەوە سیناتۆری كۆمارییەكانی ئەمریكا لیندسی گراهام ناڕازییە و بەو بڕیارە و پێی وایە ئەو كارە دەبێتە هۆی سەركەوتنی داعش و ئێران، سوریا و ڕووسیاش سوودمەند دەبن لەو كشانەوەیە.