کوردستان

02:53 - 19/12/2019

زانیارییەكان لەبارەی خۆ سوتاندنی هاوڵاتییەكەی رانیە‌

پەیسەر

ئه‌مڕۆ پێنجشەممە هاوڵاتیه‌كى شارى ڕانیه‌ به‌ناوى دڵشاد ساڵح لەبەر راینەكردنی مامەڵەكەی لەبەردەم شارەوانی رانیە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، بەڕێوەبەری شارەوانیش دەڵێ، مامەڵەكەی ئەو هاوڵاتییە نایاسایی بووە، بۆیەكارەكانی بۆ جێبەجێ نەكراوە.

سەردانی دڵشاد ساڵح بۆ شارەوانی رانیە، بە ئامانجی كردنەوەی خانوییەك بووە لەسەر زەوییەكەی، بەڵام شارەوانی وەڵامی داواكارییەكەیان نەداوەتەوە، چونكە بە پێێ وتەی سەرۆكی شارەوانی ئەو زەوییە لەسەر شەقامی گشتی بووە و كارەكانیان بۆ جێبەجێ نەكردووە.

لەبارەی ئەو رووداوەوە، سه‌ردار ئه‌حمه‌د سه‌رۆكى شاره‌وانى ڕانیه‌ به‌ په‌یسه‌رى وت: ئەو هاوڵاتییە ئه‌مڕۆ سه‌ردانى شاره‌وانی كردوه‌ و عه‌ریزه‌یه‌كى پێبوه‌ كه‌ گوایه‌  زه‌ویه‌كى هه‌یه‌ و بیكات به‌ خانوو.

گوتیشی: دواى ئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كى شاره‌وانیه‌وه‌  كه‌شفی بۆ كرا، ده‌ركه‌وت كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناو شه‌قام و له‌ نه‌خشه‌ى وردكاریدایە، لە رووی یاساییشەوە نابێت خانووی لەسەر دروست بكرێت.

سەردار ئەحمەد ئەوەشی وت: دواى ئه‌وه‌ى وه‌ڵامی ئەو هاوڵاتییە دراوەتەوە كە ناتوانێت خانوو لەسەر ئەو زەوییە دروست بكات، نیگه‌ران بوه‌ و چۆته‌ ده‌ره‌وه‌ى بیناكه‌ نه‌وتى به‌خۆیدا كردوه‌ و خۆى سوتاندوه‌.

بەهۆی زۆری رێژەی سوتاویەكەوە كە 50%ی لەشی سوتاوە، دڵشاد ساڵح رەوانەی نەخۆشخانەكانی سلێمانی كراوە.

بۆ هۆكاری رووداوەكە، پەیسەر قسەی لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی رانیە كردو ئەو وتی: هۆكارى خۆسوتاندنه‌كه‌ى نادیاره‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ى سه‌ره‌تاییان ده‌ست پێكردوه‌، به‌ڵام تاوه‌كو هیچ هۆكارێك پشت ڕاستنه‌كراوه‌ته‌وه‌. ده‌شڵێت، به‌هۆى زۆرى ڕێژه‌ى سوتاویه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ له‌ 50% بوه‌ ره‌وانه‌ى سلێمانى كراوه‌.