کوردستان

07:32 - 18/12/2019

شاندێكى بازرگانیى هه‌رێمى كورستان سه‌ردانى توركیا ده‌كات‌

پەیسەر


وه‌ك هه‌وڵێك بۆ كۆتاییهێنان به‌ بایكۆتى كاڵاى توركى له‌هه‌رێمى كوردستان، سبه‌ینێ شاندێكى بازرگانى له‌سه‌ر داواى توركیا، له‌هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ سه‌ردانى ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، له‌سه‌ر داواى حكومه‌تى توركیا و به‌ رێنمایى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، سبه‌ینێ شاندێكى یه‌كێتى ژووره‌كانى بازرگانى و پیشه‌سازى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى توركیا ده‌كه‌ن. 

به‌پێى زانیارییه‌كان سه‌ردانه‌كه‌ له‌پێناو په‌یوه‌ندى زیاترى بازرگانى هه‌رێمى كوردستان و توركیایه‌، وه‌ك هه‌وڵێكه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌ هه‌ڵمه‌تى بایكۆتى كاڵاى توركى یاخود به‌رپێگرتنى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌. بڕیاره‌ كۆبوونه‌وه‌كانى شانده‌كه‌ له‌باكورى كوردستانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى حكومه‌تى توركیا ده‌ستپێبكات.

جارێ ئه‌جێنداى كۆبوونه‌وه‌كان روون نین، زانیارى هه‌یه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر شانده‌كه‌ كه‌شى كۆبوونه‌وه‌كانیان به‌دڵ بێت، چه‌ند گرێبه‌ستێك بكه‌ن. له‌دواى هێرشى توركیا بۆسه‌ر رۆژئاواى كوردستان هاوڵاتیانى باشورى كورستان هه‌ڵمه‌تى بایكۆتى كاڵاى توركییان ده‌ستپێكرد. توركیا چه‌ند جارێك داوایكردووه‌و هه‌وڵى داوه‌ كۆتایى به‌و هه‌ڵمه‌ته‌ بهێندرێت.