کوردستان

06:58 - 17/12/2019

ئه‌مریكا ده‌ستبه‌ردارى بیرۆكه‌ى مانه‌وه‌ى عه‌بدولمه‌هدى نه‌بووه‌‌

پەیسەر


ئه‌مریكا تائێستا ده‌ستبه‌ردارى بیرۆكه‌ى مانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى له‌ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق نه‌بووه‌. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر جارێكى دیكه‌ بیرۆكه‌كه‌ى خستووه‌ته‌ به‌رده‌م عادل عه‌بدولمه‌هدى.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتوون، ئه‌مریكا پێشنیارى بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدى كردووه‌، له‌ ئه‌گه‌رى رێكنه‌كه‌وتنى لایه‌نه‌كان بۆ دیاریكردنى كاندیدێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیران، له‌ پۆسته‌كه‌ى بمێنێته‌وه‌و سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تێكى راگوزه‌ر بكه‌ن.

بیرۆكه‌كه‌ى ئه‌مریكا به‌وجۆره‌یه‌ كه‌ عه‌بدولمه‌هدى یه‌ك ساڵى دیكه‌ بمنێته‌وه‌و سه‌رۆكایه‌تى حكومه‌تێكى راگوزه‌ر بكات كه‌ ته‌مه‌نى ته‌نها ساڵێك بێت و له‌و ماوه‌دا ئاماده‌كارى بكرێت بۆ هه‌ڵبژاردن و دروستكردنى حكومه‌تێكى نوێ، تا له‌و ساڵه‌دا چاره‌سه‌رێكى گونجاو بۆ دۆخى عێراق ده‌دۆزنه‌وه‌. 

عادل عه‌بدولمه‌هدى تائێستا ره‌تیده‌كاته‌وه‌ له‌ پۆسته‌كه‌ بمێنێته‌وه‌. نوسینگه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌ڵێت، سه‌رۆك وه‌زیرانى ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ سووره‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ى رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى داهاتوو ده‌سه‌ڵاته‌كانى راده‌ستى سه‌رۆك كۆمار ده‌كات، ئه‌گه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ دیارینه‌كرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ دوا واده‌ى ده‌ستوورییه‌ بۆ دانانى كه‌سێك له‌و پۆسته‌. 

تائێستا لایه‌نه‌ شیعه‌كان رێككه‌وتنیان له‌سه‌ر كاندیدێك نه‌كردووه‌و چه‌ند كاندیدێك هه‌ن بۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق.