کوردستان

06:23 - 17/12/2019

سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ له‌سه‌ر كه‌مترین مووچه‌ى خانه‌شینیى بڕیاریان نه‌دا‌

پەیسەر

=
له‌كۆبوونه‌وه‌ى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم رایگه‌یاندووه‌، له‌ توانایاندا نییه‌ كه‌مترین مووچه‌ى خانه‌نشینى به‌ ٤٠٠هه‌زار دینار دیارى بكه‌ن له‌ پرۆژه‌ یاساى چاكسازیدا.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، له‌كۆبوونه‌وه‌ى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى هه‌رێمى كوردستان، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ باره‌گاى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌ڕێوه‌چوو، یه‌كێك له‌و خاڵانه‌ى كه‌ باسكراوه‌ بۆ یاساى چاكسازى زیادبكرێت، جێگیركردنى كه‌مترین مووچه‌ى خانه‌نشینییه‌ به‌ ٤٠٠هه‌زار دینار.

بۆچوونى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران به‌وجۆره‌بووه‌، كه‌ له‌ئێستادا بارودۆخى دارایى هه‌رێمى كوردستان ناتوانێت قورسایى ئه‌وه‌ هه‌ڵبگرێت و كه‌مترین بڕى مووچه‌ به‌ ٤٠٠ هه‌زار دینار دیاریبكرێت.

سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنى ٣٠٠ هه‌زار دینار وه‌ك كه‌مترین بڕى مووچه‌ى خانه‌نشینان، سه‌رۆكى حكومه‌ت گوتویه‌تى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ٣٠٠ هه‌زاره‌كه‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ ٤٠٠ هه‌زار حكومه‌ت ناتوانێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر، هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دووه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ده‌وریی خۆیان ئه‌نجامدا.