کوردستان

11:22 - 20/12/2018

ئەو پۆستانەی پارتی لە كابینەی داهاتوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دیاریكردووە‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان، بە نیازە ژمارەیەك پۆست لە كابینەی داهاتوو بداتە بزوتنەوەی گۆڕان، لەناو ئەو پۆستانەی دیاریكراوە پۆستی بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیشی تێدایە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لە مەكتەبی سیاسی پارتیەوە دەستی كەوتووە، پارتی دیموكراتی كوردستان بریاریداوە سێ‌ وەزارەت كە یەكێكیان سیادی دەبێت لەگەڵ 7 بریكاری وەزیر بداتە بزوتنەوەی گۆڕان.

بە پێی زانیارییەكان لەناو ئەو حەوت بریكارەدا، پارتی بە نیازە پۆستی بریكاری وەزارەتی سامانەسروشتییەكان بداتە بزوتنەوەی گۆڕان.
سەرچاوەكەی مەكتەبی سیاسی ئەوەشی ئاشكرا كرد، لەگەڵ بریكاری وەزیری سامانەسروشتیەكان، پۆستەكانی جێگری سەرۆكی حكومەت یان جێگری سەرۆكی هەرێمی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دیاریكراوە.

لەبارەی پۆستەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیشەوە ئاماژەی بەوەكرد، لە بەرامبەر پێدانی ئەو پۆستانە بە بزوتنەوەی گۆڕان، پارتی بە نیازە لەبەرامبەردا سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت یان جێگری سەرۆكی هەرێم و 4 وەزارەتی بداتە یەكێتی.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: پێدەچێت لەمیانی گفتوگۆكانی پارتی لەگەڵ لایەنەكان گۆڕانكاری لەهەندێك پۆست بكرێت، بەڵام گۆڕانكاری زۆر و گەورە نابن. هەروەها پارتی پۆستی بۆ كۆمەڵی ئیسلامیش دیاریكردووە، ئەگەر ئەو حزبە بەشداری كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بكات.