کوردستان

02:28 - 16/12/2019

مه‌سعود بارزانى له‌باره‌ى شێخ بازه‌وه‌ بڕیاری داوه‌‌

پەیسەر

مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان، ره‌زامه‌ندى پیشانداوه‌ كه‌ شێخ باز سه‌رۆكى گروپى كۆمپانیاكانى كار، بكرێته‌ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان.

به‌هۆى ململانێى ناوخۆى پارتییه‌وه‌، تائێستا پۆستى وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان یه‌كلایى نه‌كراوه‌ته‌وه‌و سه‌رۆكى حكومه‌ت خۆى كاره‌كانى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات، نێچیرڤان بارزانى ده‌یه‌وێت ئاشتى هه‌ورامى یاخود كه‌سێكى نزیكى خۆى له‌و پۆسته‌ بێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، باز ره‌ئوف كه‌ریم، ناسراو به‌ (شێخ باز) كه‌سه‌رۆكى گروپى كۆمپانیاكانى كارى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌، به‌هێزترین كاندیده‌و مه‌سعود بارزانى ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر داوه‌.

شێخ باز كاندیدى مه‌سرور بارزانییه‌، مه‌سعود بارزانى هه‌ڵوێستى خۆى یه‌كلایى كردووه‌ته‌وه‌و ره‌زامه‌ندى پیشانداوه‌ كه‌ شێخ باز بچێته‌ سه‌ر كورسییه‌كه‌ى ئاشتى هه‌ورامى و بكرێته‌ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كان.

شێخ باز له‌ دوایین دانوستانه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراق، ئه‌ندامى شاندى دانوستانكارى هه‌رێمى كوردستان بوو، بێ ئه‌وه‌ى هیچ پۆستێكى حكومیى هه‌بێت، هه‌ندێك ئه‌وه‌یان والێكدایه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌كارى ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ى بكرێته‌ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.