01:55 - 16/12/2019
حكومه‌ت به دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌رە گرێبه‌سته‌كان ره‌زامه‌نده
حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ره‌زامه‌ندى پیشانداوه، بۆئه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست بكرێنه هه‌میشه‌یى، بڕیاره له ئاینده‌یه‌كى نزیكدا راپۆرتى كۆتایى ره‌وانه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بكه‌نه‌وه.
١٣ی مانگى رابردوو په‌رله‌مانى كوردستان، خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بۆ پرۆژه بڕیارى دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌رى گرێبه‌ست كرد. رێواز فایه‌ق سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا گوتى:"وه‌كو سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، وه‌ڵامی حكومه‌تمان له‌باره‌ی ته‌حەمولكردنی بارگرانیی دارایی پرۆژه‌كه به‌ئه‌رێنی وه‌رگرتووه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی زۆری ورده‌كاری پێشنیاز ده‌كه‌ین به‌ده‌ر له‌ماوه‌ی ته‌رخانكراو به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ، ماوه‌ی دوو هه‌فته به‌حكومه‌ت بدرێت بۆ هه‌ر زیادكردن و پێشنیازێكى نوێ له‌باره‌ی پڕۆژه‌كه‌وه، بۆیه دوای ته‌واوبوونی ئه‌و واده‌یه په‌رله‌مانی كوردستان به‌پێی حوكمه‌كانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ رێككاره یاساییه‌كانی بۆ پێشنیازه‌كه ئه‌نجام ده‌دات".
دوو هه‌فته‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بووه‌ته چوار هه‌فته‌و تائێستا وه‌ڵامى په‌رله‌مان نه‌دراوه‌ته‌وه. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس كه له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى داراییه‌وه ده‌ستى كه‌وتوون، حكومه‌ت ره‌زامه‌نده به دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌ره گرێبه‌سته‌كان.
وه‌زاره‌تى دارایى راسپێردراوه بۆئه‌وه‌ى لێكۆڵینه‌وه بكات و له ئاینده‌یه‌كى نزیكدا راپۆرتى كۆتایى ده‌رباره‌ى دامه‌زراندنى گرێبه‌سته‌كان ره‌وانه‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان بكرێت و له‌وێشه‌وه ده‌نێردرێت بۆ لیژنه‌ى دارایى و لیژنه‌ى یاسایى له‌په‌رله‌مان، به‌ڵام پرۆسه‌ى دامه‌زراندنى گرێبه‌سته‌كان سست به‌ڕێوه‌ده‌چێت.