کوردستان

01:40 - 14/12/2019

یه‌كێتى و پارتى به‌ كاندیدێك بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق رازى بوون‌

پەیسەر

شاندێكى باڵاى شیعه‌كانى عێراق، هه‌فته‌ى رابردوو دوور له‌چاوى كامێراكان سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستانیان كردووه‌. له‌سه‌ر كاندیدى سه‌رۆك وه‌زیران گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ كردووه‌. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، شاندى شیعه‌كان پێكهاتوون له‌ هادى عامرى و فالح فه‌یاز، بۆ دانانى محه‌مه‌د شیاع سودانى له‌ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران. له‌ هه‌ولێر و سلێمانى گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانى و كۆسره‌ت ره‌سوڵ كردووه‌. زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن كه‌ یه‌كێتى و پارتى به‌ دانانى شیاع رازى بوون.

شیاع ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقه‌ له‌ حزبى ده‌عوه‌ و كه‌سێكى نزیكه‌ له‌ ئێران. دوێنێ خۆپیشانده‌ران وه‌ك كه‌سێكى ئێرانى دروشمیان دژ به‌ شیاع گوته‌وه‌و ره‌تیان كرده‌وه‌ رازى ببن بكرێته‌ سه‌رۆك وه‌زیران. له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆى كاندیدكردنى، شیاع له‌ تویته‌رى خۆى بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌و ده‌ستبه‌ردارى حزبى ده‌عووه‌ بووه‌و په‌یوه‌ندى پێوه‌ى نه‌ماوه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كان، پارتى مه‌رجى ئه‌وه‌ى داناوه‌ كه‌ ده‌بێت سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ، پابه‌ندبێت به‌رێككه‌وتنى هه‌ولێرو به‌غدا و سودمه‌ندبوونى پێشمه‌رگه‌ له‌ ئیمتیازات و چه‌كى به‌غداو چاره‌سه‌رى پرسى كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان. زانیارى هه‌یه‌ كه‌ سبه‌ینێ یاخود رۆژى دووشه‌ممه‌ به‌رهه‌م ساڵح به‌فه‌رمى ناوى شیاع پێشكه‌شى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بكات بۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق.